یەحیا رەسوول: زیاتر لە 11 هەزار خێزانی ئاوارە گەڕاونەتەوە شنگال

 
رووداو دیجیتاڵ

بەمەبەستی جێبەجێكردنی فەرمانەكانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ یەكلاكردنەوەی كەیسی ئاوارەكان، ئەمڕۆ لە بارەگای راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی كۆبوونەوەیەك بەڕێوەچوو و تێیدا پرۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەكانی شنگالیش تاوتوێ کرا.
 
لیوا یەحیا رەسوول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق لە تویتێكدا گوتی "بە ئامانجی جێبەجێكردنی بڕیارەكانی مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق كە لە 23یەمین كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیران تایبەت بە كاركردن لەسەر دانانی پلان و میكانیزمی گونجاو بۆ یەكلاكردنەوەی كەیسی ئاوارەكان دەریکردن، ئەمڕۆ پێنجشەممە 19ی تشرینی دووەمی 2020 لە بارەگای راوێژكاریی ئاسایشی نیشتمانی كۆبوونەوەیەكی گرنگ ئەنجامدرا".
 
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق دەڵێت "لە كۆبوونەوەكەدا وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان، دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەكان، وەزارەتە خزمەتگوزارییەكان و ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران ئامادەبوون بۆ تاوتوێكردنی جێبەجێكردنی پلانی گەڕاندنەوەی ئاوارەكان بەشێوەیەكی ئارەزوومەندانە كە وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران پێشكەشی كردووە و تاوەكو ئێستاش 15 كامپ داخراون و تەنیا حەوت كامپ ماون، جگە لە كامپەكانی هەرێمی كوردستان".
 
لیوا یەحیا رەسوول ئاماژەی بەوەش کرد "هەر لە كۆبوونەوەكەدا گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەكانی شنگال خرایەڕوو و بەپێی داتاكان زیاتر لە 11 هەزار خێزانی ئاوارە گەڕاونەتەوە ناوچەكانیان و پرۆسەكەش بەردەوامە؛ هەروەها وردەكاریی ئەو كامپانەی ماون و چۆنێتیی نەهێشتنی ئاستەنگەكان و پێشكەشكردنی هاوكاری بۆئەوەی بتوانن بگەڕێنەوە ناوچەكانیان، تاوتوێ كرا".
 
پێشتر ئیڤان فایق، وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق گوتبووی "وەزارەت پلانێكی ئامادەكردووە بۆ داخستنی سەرجەم كامپی ئاوارەكان لە سەرەتای ساڵی 2021، جگە لە كامپەكانی هەرێمی كوردستان، بەمەش 1.5 ملیۆن ئاوارە دەگەڕێنەوە ناوچەكانیان".
 
بەپێی راپۆرتی رێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتی، دوای هێرشی داعش لە حوزەیرانی 2014 شەش ملیۆن كەس ئاوارەبوون، لەو ژمارەیەش نزیكەی چوار ملیۆن ئاوارە گەڕاونەتەوە ناوچەكانیان.