کردنەوەی دەروازەی عەرعەر لە نێوان عێراق و سعودیە میلیشیاکانی هەراسانکردووە

19-11-2020
نەهرۆ محەممەد
نیشانەکردن دەروازەی عەرعەر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
دوای 30 ساڵ لە داخستنی، جارێکی دیکە دەروازەی عەرعەر لە نێوان عێراق و سعودیە کرایەوە، ئەمەش نزیکبوونەوەیەکی ئەرێنییە لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتەدا.
 
دوای داگیرکردنی لە ساڵی 1990، سعودیە پەیوەندییەکانی لەگەڵ رژێمی سەدام پچڕاند، دوای نزیەکی 15 ساڵ لە رووخانی رژێمی سەدام حوسێن، پەیوەندییەکان لە ساڵی 2017دا دەستیانپێکردەوە.
 
ریاز، هەوڵدەدات بەهێزە بگەڕێتەوە نێو بازاڕەکانی عێراقی، کە پڕن لە کاڵای ئێرانی و تورکی، لە کاتێکدا پێشتر وڵاتێکی پیشەسازیی و کشتوکاڵی بوو. 
 
عێراق، لە رۆژئاوا سنووری لەگەڵ سووریا و ئوردن هەیە، تورکیا دەکەوێتە باکوور، ئێران لە رۆژهەڵات و سعودیە و کوێت لە باشووریەتی.
 
"ئەو لێکنزیکبوونەوەیە دوای ئەوە دێت، عێراق لەسەردەمی نووی مالیکی سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق، ببووە شوێنکەوتەی ئێران". ئەمە بە گوتەی ئەحمەد رکبان، کە  شارەزایەکی بواری ئەمنیی سعودیە.
 
هەفتەی رابردوو، شاندێکی باڵای سعودیە سەردانی عێراقی کرد، لەگەڵ گەورە بەرپرسانی عێراقی کۆبووەوە، پێشتریش شاندێکی عێراقی بەهەمانشێوە سەردانی سعودیەی کردبوو.
 
حوسێن عەللاوی، شارەزای ئەمنی عێراقی دەڵێت "پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات بە گەشەکردنێکی کارا تێدەپەڕێت،ئەمەش ئەنجامی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی ستراتیژی عێراقی- سعودیە، کە ئەنجوومەنێکی هاوئاهەنگییە ئامانجەکەی پەرەپێدان و بەهێزکردنی دام و دەزگاکانی نێوان هەردوو وڵاتە".
 
عەللاوی دەشڵێت، هەردوو وڵات پلانی کردنەوەی دەروازەیەکی دیکەشیان هەیە، کە دەروازەی جمیمەیە، بەڵام وادەی کردنەوەکە دیارینەکراوە.
 
هەر لە درێژەی قسەکانیدا عەللاوی  ئاماژە بەوەدەکات، ئەو دەوازەیە دەبێتە هۆی پەرەسەندنی پەیوەندییە بازرگانییەکان و جموجۆڵی وەبەرهێنان لە نێوان هەردوو وڵات و گەشەپێدانی ژێرخان لەلایەن کۆمپانیاکانی سعودیە، ئەمەش لە رێگەی وەبەرهێنان لە کەرتەکانی تەندروستی، کشتوکاڵ، پیشەسازی، پترۆکیمیایی، پرۆژە هاوبەشەکان لە نەوت و چیمەنتۆ و کارەبا.
 
کەرتەکانی پیشەسازیی و کشتوکاڵی عێراق لە عێراق پوکاونەتەوە، لەکاتێکدا قەیرانی ئابووری و گوزەران لە زیادبوونە.
عەللاوی دەڵێت "عێراق بڕیاریداوە رێڕەوەکانی کێبڕکێ بکاتەوە، ئەمەش بۆ فرەیی ئەو کاڵایانەی دێنە عێراق، تاوەکو ئاراستەی نوێ  دروست بکات بۆ پیشەسازیی، کشتوکاڵ، وزە و رەخساندنی هەلیکار بۆ گەنجان".
 
بەکاربەری عێراق خواستی لەسەر بەرهەمەکانی سعودی، تورکی و ئوردنییە، چونکە کوالێتیان بەرزە، لەبەرامبەردا ئەوانەشی داهاتی کەمە، روویان لە بەرهەمی ئێرانییە، کە کوالێتیەکەی نزمە.
 
هەڕەشەکانی ئێران
 
بەڵام ئەو دەروازەیە لە هەڕەشەکانی ئێران دوورنییە، بەتایبەتی بەهێزکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و سعودیە، کاریگەری لەسەر ئێران دەبێت.
 
رکبان دەڵێت: "بەهۆی ئەوەی لەژێر کاریگەری گەمارۆی نێودەوڵەتی و سزاکاندایە، گەلەکەی بەدەست هەژارییەکی سەخت دەناڵێنێت، ئەمەش بەهۆی سیاسەتی مەلاکان، کە گەلەکەی زۆر هەژارتر کردووە لە سەرجەم شار و پارێزگاکانی ئێران".
 
دەروازەی سنووری عەرعەر، دەکەوێتە پارێزگای ئەنبار، کە درێژ دەبێتەوە بۆ رۆژئاوا و باشووری رۆژئاوای عێراق، لەگەڵ سنووری ئوردن، سووریا و سعودیە هاوبەشە.
 
ئامانجی دەروازەی عەرعەر، رێگادانە بە تێپەڕبوونی کاڵا و گەشتیاران، ئەمەش مانای وایە دەروازەیەکی دیکەی داهات بۆ عێراق زیاد دەبێت، کە ئێستا بەشی هەر زۆری پێویستییەکان لە ئێرانەوە دێن، کە دووەمین گەورەترین دەوڵەتە لە ئاڵوگۆڕکردنی بازرگانی لەگەڵ عێراقدا.
 
رکبان دەڵێت: "ئەو دەروازەیە کۆتایی بە قۆرخکاری بازرگانیی ئێران لە عێراق دەهێنێت"، ئەو شارەزا سعودیە دەڵێت: "هەرکاتێک وڵاتێکی عەرەبی لە ئێران دووربکەوێتەوە، ئەوا ئاسایش و سەقامگیرییەکەی زیاتر دەبێت".
 
گروپە چەکدارە عێراقییەکانی سەر بە ئێران بە روونی بەمە کاریگەرن و تێبینیان لەسەر کردنەوەی ئەو دەروازە هەیە، سعودیە تۆمەتبار دەکەن بە هەوڵدان بە "ئیستیعمار"کردنی عێراق لە ژێر پەردەی وەبەرهێنان.
 
لە بەیاننامەیەکدا میلیشیایەک کە بەم دواییانە پێکهاتووە، نزیکبوونەوەی عێراق و سعودیە، وەک گەورەترین هێزی سوننی لەناوچەکەدا رەتدەکەنەوە.
 
گرووپی میلیشیایی ئەسحابولکەهف "أصحاب الكهف" لە بەیاننامەیەکدا هەڕەشەی ئەوەکرد: " هەواڵگری بەرگری ئیسلامی (میحوەری بەرگری سەر بە ئێران) بە وردی بە دواداچوون بۆ جموجۆڵەکانی سعودیەی دوژمن دەکات لەسەر سنووری عێراق، هەروەها پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی نێوان محەممەد بن سەلمان و مستەفا کازمی".
 
بەڵام مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەرگری لەو هەنگاوە کرد و لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی رۆژی سێشەممەی رابردوودا رایگەیاند "هەندێک بانگەشە دەکەن بە درۆی ئیستیعماری سعودی، کە ئەمە شوورەییە، شوورەییە ئەوانەی دەڵێن ئەمە ئیستیعمارە لە وڵاتدا، عێراق نە ستەم  قبوڵ دەکات و نە فەرمانڕەوایەتی بیانی  قبوڵ دەکات" .
 
هەروەها کازمی گوتی: "ئایا وەبەرهێنان دەبێتە ئیستیعمار؟ ئایا رەخساندنی سەتان هەزار دەرفەتی کار بۆ رۆڵەکانی لە رێگەی وەبەرهێنان، ئیستیعمارە؟".
 
بەهۆی ئەو قەیرانە داراییە خنکێنەرە، حکومەتی عێراق چەند هەفتەیەک دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرەکانی دواخست. رکبان  دەڵێت، "هیوادارین حکومەتی عێراقی، هەوڵەکانی خۆی بدات بۆ پاراستنی ئەو دەروازەیە لە رووی ئەمنی و بازرگانییە لە تێکدەری ئێرانی و هی دیکە".
 
هەرەوها عەللاوی دەڵێت: "ئاڵەنگاریی لەبەردەم بەرژەوەندی هەرێمی و نێودەوڵەتیدا هەیە، جێگەی چاودێریی گروپە چەکدارە تایبەتەکانە، بەڵام حکومەتی عێراق رێکاری تووندی گرتووەتەبەر، بۆ پاراستنی دەروازە سنوورییەکان و کاروانەکانی بازرگانی و لەوانەش دەروازەی سنووری عەرعەر".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بازگەی شێراوە لە رێگەی هەولێر بە ئاراستەی کەرکووک.

میقداد میری: سبەی هەینی قەدەخەی هاتووچۆ لەنێوان پارێزگاکان بەردەوام دەبێ

میقداد میری، گوتەبێژى لیژنەى باڵاى ئەمنیى سەرژمێریى گشتیى دانیشتووان رایگەیاند، سبەی هەینی قەدەخەی هاتووچۆی نێوان پارێزگاکان بەردەوام دەبێت، بەڵام لەنێو شارەکاندا هاتووچۆ ئاسایی دەبێتەوە.