ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا: پارێزگار دەستیلەکارکێشایەوە و پەسەندمان کرد

رووداو - هەولێر

سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا رایگەیاند، مەنسوور مەرعید، پارێزگاری نەینەوا نووسراوی دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەشی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا کرد و ئەنجوومەن ئەمڕۆ پەسەندی کرد، بەڵام ئێستا پارێزگار نکۆڵی دەکات دەستیلەکارکێشابێتەوە.
 
سەیدۆ چەتۆ، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ئەمڕۆ سێشەممە 19-11-2019  بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "پێشتر سیروان رۆژبەیانی، جێگری خۆی بۆ راپەڕاندنی کاروباری پارێزگای نەینەوا راسپاردبوو تا ئەوکاتەی ئەنجوومەن پارێزگارێکی نوێ هەڵدەبژێرێ".
 
مەنسوور مەرعید نووسراوی دەستلەکارکێشانەوەی لە فەیسبووک بڵاوکردەوە، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەڵێت "ئێستا مەنسوور مەرعید نکۆڵی دەکات دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەشی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا کردبێت و دەڵێت دەنگدانەکەی ئەنجوومەن لەسەر لەکارلابردنم یاسایی نییە، چونکە لە بنەڕەتدا پەرلەمانی عێراق ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەڵوەشاندووەتەوە".
 
سەیدۆ چەتۆ دەڵێت، "سەبارەت بە بڕیاری هەڵوەشاندی ئەنجوومەنی پارێزگاکانیش کە لەلایەن پەرلەمانەوە دەرچوو ئەنجوومەن لە دادگا تانەی لەو بڕیارەدا و دادگا دانیشتنێکی دیاریکردووە بۆ یەکلاییکردنەوەی، بۆیە بڕیاری پەرلەمان سڕکراوە و ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بەردەوامە لە راپەڕاندنی ئەرکەکانی".
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ئاماژەی بەوە کرد "ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا سوورە لەسەر ئەوەی مەنسوور مەرعید لە پۆستی پارێزگاری نەینەوا نەماوە و مەنسوور مەرعیدیش سوورە لەسەر ئەوەی دەستیلەکارنەکێشاوەتەوە، بۆیە لە کۆتاییدا دەبێ پەنا بۆ دادگا ببەین بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەم پرسە".
 
ئەم پێشهاتە لەکاتێکدایە بەهۆی ئەو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییانەی کە لە سەرەتای مانگی رابردووەوە دژی گەندەڵی و هەژاری و حکومەت و دەسەڵات لە عێراق سەریانهەڵداوە شڵەژانێکی زۆر لە نێو گۆڕەپانی سیاسی و کارگێڕیی عێراقدا دروستبووە.