عێراق رۆژانە 20 ملیۆن مەتر سێجا گاز لە تورکمەنستانەوە هاوردە دەکات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

عێراق و تورکمەنستان رێککەوتنێکیان لە بواری گاز واژۆکرد، کە بەهۆیەوە عێراق رۆژانە 20 ملیۆن مەترسێجا گاز لەو وڵاتەوە هاوردە دەکات. 
 
زیاد عەلی فازڵ، وەزیری کارەبای عێراق بڵاویکردەوە، بە پشتیوانیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ رێککەوتنێکیان لەگەڵ تورکمەنستان واژۆکرد و لەسەر ئەو بنچینەیە رۆژانە 20 ملیۆن مەترسێجا گاز لەو وڵاتەوە هاوردە دەکەن، ئەوەش بۆ بەگەڕخستنی تەواوی وێستگە گازییەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا.
 
رێكکەوتنەکە ئەمڕۆ (شەممە، 19-10-2024) لە شاری بەغدا لەنێوان زیاد عەلی فازل، وەزیری کارەبای عێراق و مەقسەد بابایێڤ، وەزیرى دەوڵەتى تورکمەنستان بۆ کاروباری گاز کە هاوکات سەرۆکی کۆمپانیای گازی ئەو وڵاتەیە واژۆکرا.
 
وەزیری کارەبای عێراق دەڵێت، گازی تورکمەنستان لە رێگەی هێڵی بۆری ئێرانەوە دەگوازرێتەوە عێراق، ئەوەش بەگوێرەی میکانیزمی دوولایەنە و بە هاوکاریی کۆمپانیای لۆکستۆن ئینێرجیی سویسری.
 
زیاد عەلی فازڵ ئاماژەی بەوەشکرد، واژۆکردنی ئەو رێککەوتنە دوای هەوڵێکی زۆر هات کە زیاتر لە ساڵێکە بەردەوامە.
 
24ـی ئابى 2023 شاندێکی وەزارەتى نەوتى عێراق لە تورکمەنستان لەگەڵ شاندێکی کەرتى وزەى ئەو وڵاتە گەیشتنە رێککەوتنى بەرایی بۆ هاوردەکردنى گاز لەو وڵاتەوە بۆ کارپێکردنى وێستگەکانى بەرهەمهێنانى کارەبا.
 
تورکمەنستان لەسەر ئاستی جیهان پلەی چوارەمینی لە بەرهەمهێنانی گاز هەیە و خاوەنی 10% گازی سرووشتی دۆزراوە یان یەدەگە. حکومەتی ئەو وڵاتە لە دوو دەیەی رابردوودا وەبەرهێنانی گەورەی لە بەرهەمهێنانی گاز دا کردووە. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە