سەرۆکوەزیرانی عێراق لیژنەیەک بۆ بەدواداچوونی بڕیارەکانی دەنێرێتە دیالە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق لیژنەیەک دەنێرێتە پارێزگای دیالە بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ بڕیارەکانی.
ئەوس مەهداوی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رۆژی شەممە 19-10-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەم هەفتەیە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لیژنەیەک دەنێرێتە پارێزگای دیالە، ئەوەش بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ئەو پرۆژانەی لەکاتی سەردانەکەی رۆژی چوارشەممەی رابردوودا بۆ پارێزگای دیالە بڕیاریان لێدرا و پەسند کران.
لەو سەردانەدا بڕیار لەبارەی چەند پرۆژەیەک بۆ ناوچە کوردستانییەکانی سنووری پارێزگاکە وەکو قەزای خانەقین دران، لەوانەش تەرخانکردنی 40 ملیار دینار بۆ پرۆژەی ئاوەڕۆی خانەقین، 44.1 ملیار دینار بۆ پرۆژەی ئاوەڕۆی ناحیەی گوڵاڵە، 56.6 ملیار دینار بۆ ئاوەڕۆی شارەبان.
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە دەڵێت،کۆمەڵێک داواکارییان پێشکێش بە سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد، لەوانە دووسایدکردنی رێگەی نێوان خانەقین- کەلار، داننان بە زانکۆی گەرمیان لە لایەن حکومەتی عێراقەوە کە چەند کۆلێژێکی لە خانەقینە، دروستکردنی نەخۆشخانە لە خانەقین، نۆژەنکردنەوە و فراوانکردنی پاڵاوگەی نەوتی وەند لە سنووری قەزای خانەقین.
قەزای خانەقین دەکەوێتە پارێزگای دیالە و زۆرینەی دانیشتووانەکەی کوردی فەیلین. ژمارەی دانیشتووانی خانەقین لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی رابردوودا نزیکەی 170 هەزار کەس بوو، بەڵام بەپێی خەمڵاندنەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە ساڵی 2019ـدا 238 هەزار و 337 کەس بوو.
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی رووداو، گوندە کوردنشینەکانی سنووری خانەقین بەرەو چۆڵبوون دەچن و لەکۆی 83 گوندی سنوورەکە 36 گوندی کوردنشین چۆڵکراون و عەرەب لە 32 گوندی کوردنشین نیشتەجێ بووە.