لە بەغدا هێرشکرایە سەر نووسینگەی کەناڵی MBC و ئاگری تێبەردرا

 
رووداو دیجیتاڵ

بەرەبەیانی ئەمڕۆ لایەنگرانی گرووپە چەکدارەکان هێرشیان کردە سەر نووسینگەی کەناڵی MBC لە گەڕەکی جامیعەی شاری بەغدا و ئاگریان تێبەردا.
 
بەگوێرەی ئەو دیمەنە ڤیدیۆییانەی بڵاوبوونەتەوە، ئەو کەسانە ئاڵای حەشدی شەعبی و حیزبوڵڵای لوبنانیان هەڵگرتووە و دەچنە نێو نووسینگەکە، ئامێر و کەرەستەکانی ناوی دەشكێنن و ئاگر لە بەشێکی بەردەدەن.
 
پەلاماردانی ئۆفیسەکەی کەناڵی MBC دوای ئەوە دێت، کەناڵەکە راپۆرتێکی لەبارەی هێزەکانی ناسراو بە (موقاوەمە)ی لە ناوچەکە بڵاوکردەوە و بەشێکی سەرکردەکانی بە "تیرۆریست" ناوبرد.
 
لەکاتی هەڵکوتانە سەر نووسینگەی کەناڵەکە، ئەو کەسانە دروشمیان دژی سعودیە دەگوتەوە.
 
مستەفا سەند، پەرلەمانتاری سەر بە حەشدی شەعبی لە پۆستێکدا دەنووسێت، "کەناڵی MBC Iraq حکومەت پشتیوانیی دەکات. بابەتەکە بە شکاندن یان سووتاندن کۆتایی نایەت، بەڵکو (پێتان دەڵێین) شوێنتان لە عێراق نییە. کار دەکەین بۆ هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی کارکردنتان. عێراق شانازی بە بەکرێگیراوان ناکات."