400 بيرى مێژوویی لە سنوورى نێوان عێراق و ئێران دەدۆزرێنەوە

20-09-2024
هەستیار قادر
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

400 بیرى شاقولى لە سنوورى نێوان عێراق و ئێران دەدۆزرێنەوە، کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە هەزار ساڵ پێش ئێستا، بەگوتەى بەرپرسێکى شوێنەوارى میسان بیرەکان لەو جۆرانەن، کە لە هەرێمى کوردستان بەکارهێندراون.  
 
بیرەکان لە سنوورى پارێزگاى میسان دۆزراونەتەوە، شوێنەکەى نزیکە لە سنوورى ئێرانەوە و لەلایەن هۆبەى پاراستنى شوێنەوار و کولتوورى سەر بە وەزارەتى ناوخۆى عێراقەوە دۆزراوەتەوە. 
 
مورتەزا ئەعرەجى، پشکنەرى شوێنەوارى میسان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "ئەو بیرانە لە ناوچەى تیب دۆزراونەتەوە، 75کیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتى شارى عەممارەى ناوەندى پارێزگاى میسانەوە دوورە."
 
ئەو 400 بیرە ستونین، بەگوێرەى ئاژانسى وەزارەتى ناوخۆى عێراق بۆ کاروباى پۆلیسی میسان، تەمەنیان دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاى هەزارەى یەکەمى میلادى. 
 
مورتەزا ئەعرەجى گوتى: "پێشبینی دەکرێت ئەو بیرانە لە سەردەمى ساسانییەکان دروست کرابن، بە هاوشێوەى ئەو بیرانەن کە لە هەرێمى کوردستان بۆ ئاودێریى بەکارهێندراون، لەتەنیشت بیرەکانەوە جۆگەلە لێدراوە بۆ گواستنەوەى ئاوەکەى بۆ کشتوکاڵکردن و گەیاندندنى ئاو بە شارەکان، ئەمە دووەم بیرى مێژوویی لەو شێوەیەیە لە عێراق بدۆزرێتەوە، لەدواى ئەوەى بیرێکى لەو جۆرە لە پارێزگاى دیالە دۆزراوەتەوە".
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە