پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەی موڵک بۆ خاوەنەکانیان لە پەرلەمانی عێراق بە هەڵپەسێردراوی مایەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەو مۆڵەتە دوو رۆژییە بە فراکسیۆنە کوردستانییەکان درابوو بۆ دەنگدان لە سەر پرۆژە یاسای گەڕاندنەوەی موڵک بۆ خاوەنەکەی تەواو بوو، و دانیشتنی پەرلەمانیش نەکرا.
سونەکان دژایەتی خۆیان بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژە یاساکە ناشارنەوە؛ پێیان وایە گەڕاندنەوەی ئەو زەوییانە بۆ خاوەنەکانیان کێشەی کۆمەڵایەتی لە ناوچەکە دروست دەکات.
عەدنان بورهان ئەندامی کوتلەی مبادەرە دەڵێت: "پێشگر زەوییەکان موڵکی برایانی کورد بووە دواتر بووەتە موڵکی عەرەب بە بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش ئێستاش هەڵیدەوەشێننەوە، پێویستە ئەمڕۆ جەنابت دەزانیت ماوەیەکی زۆرە ئەوان نیشتەجێبوونە ئەوانە بە زۆرداری وەریان نەگرتوە بەڵکو دەوڵەت پێیداون لەسەر بنەمای یاسا و پارەدان کرێی زەوی بەشێوەیەکی گشتی هەروەها پێویستە هەستیاری ناوچەکە لەبەرچاو بگیرێت لەهەمانکاتدا."
شیعەکان بۆ دانگدان لەسەر پڕۆژەیاساکە کێشەیان نییە، بەڵام لە بەرامبەر دەنگانیان، داوای دەنگی کورد دەکەن بۆ پڕۆژەیاسای باری کەسی.
فالح خەزعەلی ئەندام لە هاوپەیمانی فەتح دەڵێت، پڕۆژە یاساکە "بەهۆی ناکۆکیی نێوان هێزە سیاسییەکانی کەرکووک دواخرا. کات درا بە هێزە سیاسییەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی هەڵوەشاوە. ئێمە لەگەڵ لێکتێگەیشتنین بەو ئاراستەیە."
کورد لە پەرلەمانی عێراق دەیەوێت لە رێگەی ئەو پڕۆژەیاسایەوە کە لە پێج مادە پێکهاتووە، 300 هەزار دۆنم موڵک و ماڵی هاونیشتمانیانی کەرکووک کە بە بڕیاری بەعس لە کورد تروکمان زەوت کرا و بە عەرەبی سونە درا بۆ خاوەنەکانیان بگەڕێنێتەوە.
هاوشێوەی کورد، سونە هێشتا دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاسای لێبوردنی گشتی و شیعە دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای باری کەسی لە پەلەماندا ماوە، بەڵام ئەگەر بێت و ئەم دوانە بەیەکەوە رێکبکەون دەتوانن بەبێ کورد رێژەی یاسایی لە پەرلەمان پێکبهێنن و دەنگ لەسەر پڕۆژەیاساکانیان بدەن. ئەوکاتە پڕۆژەیاسای گەڕانەوە موڵک بۆ خاوەنەکەی تەنیا لە چوارچێوەی بەڵێن بۆ کورد دەمێنێتەوە.