زیاتر لە 150 هەزار قوتابی لە عێراق وازیان لە خوێندن هێناوە
رووداو دیجیتاڵ
نزیکەی 152 هەزار قوتابی لە عێراق وازیان لە خوێندن هێناوە. وەزارەتی پەروەردەی عێراق دەستپێخەریی "گەڕانەوە بۆ خوێندن"ی راگەیاندوە.
نەجوا حەمید، ئەندامی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی پێنجشەممە، 19-09-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دەستێشخەرییەکە بۆ گەڕانەوەی ئەو قوتابیانەیە کە بەهۆی هەر هۆکارێک وازیان لە خوێندن هێناوە.
ئەندامەکەی لیژنەی پەروەردە گوتی، پرۆگرامێکی تایبەت ئامادەکراوە، ئەوانەی تەمەنیان گونجاوە دەتوانن لە قوتابخانەکانی خۆیان درێژە بەخوێندن بدەن. ئەوانی تەمەنیان زۆرە دەتوانن بچنە خوێندنی ئێواران، خوێندنی خێرا، یاخود ئەوانەی هەر خوێندەواریان نییە، دەتوانن بچنە بنکەکانی نەهێشتنی نەخوێندەواریی.
ئەو دەستپێشخەری و هەڵمەتە 45 رۆژ بەردەوام دەبێت، هەموو پارێزگاکانی عێراق دەگرێتەوە.
نەجوا حەمید دەڵێت، نزیکەی 152 هەزار قوتابی وازیان لە خوێندن هێناوە، لە سەروبەندی دەستپێکردنەوەی وەرزی نوێی خوێندن، لە رێگەی ئەو دەستپێشخەرییە هەوڵدەدرێت بگەڕێندرێنەوە بۆ خوێندن؛ بەڵام هێشتا دیار نییە لەو ژمارە چەندیان دەگەڕێنەوە بۆ خوێندن.
هەر لەوبارەوە، عەدنان سەراج، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروبای پەروردە و خوێندن دەڵێت، ئامانج لەو دەستپێشخەرییە چارەسەرکردنی وازهێنانە لە قوتابخانە. پرۆگرامێکی تایبەتی پەروەردەیی ئامادەکراوە، پێش ئەوەی ساڵی نوێی خوێندن دەستپێبکات، بەتایبەتی لەو پارێزگایانەی پێشتر داعش داگیری کردبوون.
راوێژکارەکەی سوودانی گوتیشی، دەستپێشخەرییەکە بە هاوئاهەنگی رێکخراوی یونسێف-ی سەر نەتەوەیەکگرتووەکانە. یونسێف بەشدارە لە ئامادەکردنی پلانەکە، مەشقکردن بە هەزار و 688 فەرمانبەری وەزارەتی پەروەردە، ئەوەش بۆ جێبەجێکردنی ئەو دەستپێشەرییە نزیکەی 180 لیژنەی لاوەکی-ش لە تەواوی عێراقدا پێکهێنراون.
سەراج دەڵێت: "ئامانجی دەستپێشخەرییەکە گەڕاندنەوەی 151 هەزار و 920 قوتابیە لە تەمەنە جیاوازەکان، کە وازیان لە خوێندن هێناوە".
هەروەها راشیگەیاند، حکومەتی عێراق بۆ ئەم هەڵمەتە بەهاوکای یونسێف پرۆگرامێکی هۆشیارکردنەوەی ئامادە کردووە، بەرنامە و دیمەنی ڤیدیۆیی کورتی هۆشیارکردنەوە دروستکردووە، بۆ ئەوەی هانی دایک و باوکیان بدرێت منداڵەکانیان بگەڕێنەوە بەر خوێندن، کە 26 زنجیرە ڤیدیۆییە.
رۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو، دەرگای قوتابخانەکان لە عێراق دەکرێنەوە، زیاتر لە 12 ملیۆن قوتابی روو لە قوتابخانەکان دەکەن.