رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاند، بە تاوانی هێرشکردنە سەر هێزە ئەمنییەکان، سزای لەسێدارەدان بۆ سێ چەکداری داعش دەرچووە.
رۆژی پێنجشەممە، 19-09-2024 ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد: "دادگەی تاوانەکانی ناوەندیی بڕیاری سزای لەسێدارەدانی بۆ سێ تاوانبار بەهۆی ئەندامبوونیان لە رێکخراوی تیرۆریستیی داعش دەرکرد."
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە ئەو سێ چەکدارەی داعش لە پارێزگاکانی ئەنبار و سەڵاحەدین هێرشیان کردووەتە سەر هێزە ئەمنییەکان، بەو هۆیەوە ویستوویانە "ترس و دڵەڕاوکێ لای هاووڵاتییان دروست بکەن."
ئەنجوومەنی باڵای دادوەری روونیکردووەتەوە، بڕیاری لەسێدارەدانی ئەو سێ چەکدارەی داعش بە پشتبەستن بووە بە حوکمەکانی بڕگەی یەکی مادەی چواری تیرۆر و یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری ژمارە 13ـی ساڵی 2005.
رێکخراوی داعش دوای ئەوەی لە 10ـی حوزەیرانی ساڵی 2014 شاری موسڵی گرت و دواتر یەک لەسەر سێی خاکی عێراقی خستە ژێر رکێفی خۆیەوە.
ئەو "رێکخراوە تیرۆریستییە" ئەندامانی هێزە ئەمنییەکانی بە "گومڕا" هەژمار دەکرد و بە پاساوی جیاواز رەوایەتی کوشتنیانی دابوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ