لە 8 مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا زیاتر لە 48 هەزار هاوژین لە عێراق جیابوونەتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاند، مانگی رابردوو زیاتر لە 16 هەزار 600 گرێبەستی هاوسەرگیری کراون و زیاتر لە 5 هەزار و 400 جیابوونەوەش هەبووە. لە 8 مانگی رابردووشدا زیاتر لە 200 هەزار هاوسەرگیری و 48 هەزار جیابوونەوە تۆمار کراون.
 
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق ئامارەکانی هاوسەرگیری و جیابوونەوەی مانگی رابردووی ئەم ساڵی راگەیاند، بەپێی ئامارەکانی ئەنجوومەنەکە لەو مانگەدا بەبێ هەرێمی کوردستان، لە پارێزگاکانی عێراق 16 هەزار و 687 هاوسەرگیری و 5 هەزار و 402 جیابوونەوە هەبوون، واتە رۆژانە 538 هاوسەرگیری و 174 جیابوونەوە هەبووە.
 
بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو، لە 8 مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا لە عێراق 200 هەزار و 531 گرێبەستی هاوسەرگیری لە دادگەکان تۆمارکراون و 48 هەزار و 727 جیابوونەوەش هەبووە، واتە رۆژانە لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق بەبێ هەرێمی کوردستان 821  گرێبەستی هاوسەرگیری و 199 جیابوونەوەش هەبووە.
 
سارا روکابی، پارێزەر لەبارەی ئامارەکانەوە بە رووداوی گوت: "ئەو ئامارانەی ئەنجوومەنی دادوەری، ئاماژەی ترسناکی لەبارەی دۆخی ژیانی کۆمەڵایەتی و خێزانەکانی عێراقی تێدایە، دەبێت پێش لە بابەتی دروستکردنی خێزان بەبێ پلان و جیابوونەوەی هەڕەمەکییانەش بگیرێت، چونکە لە کۆتاییدا هەزاران کوڕ و کچ ژیانیان دەکەوێتە مەترسی و لە داهاتوودا کێشە کۆمەڵایەتییەکان زۆر لە ئامارەکانی ئێستا زیاتر دەبن."
 
ئەو پارێزەرە خۆی کار لەسەر دۆسیەکانی جیابوونەوە و هاوسەرگیری لە دادگەکانی بەغدا دەکات و دەڵێت: "چیرۆکی ناخهەژێن و کارەساتبار لە دادگەکان هەیە، ماددەی هۆشبەر و دۆخی قورسی ئابووری، بێکاری و دەستوەردانی خێزانەکان و نەبوونی یەکەی نیشتەجێبوون وایکردووە رێژەی جیابوونەوە زۆر بێت، کێشەکە هەر ئەوە نییە، دروستکردنی خێزان لە تەمەنی کەمدا زۆر زیادیکردووە کە سەرەتایەکە بۆ دروستبوونی لێک تێنەگەیشتن و دواتر جیابوونەوەی هاوژینان."
 
ئامارەکانی 8 مانگی ئەم ساڵی هاوسەرگیری و جیابوونەوەیە لە عێراق:
 
- کۆی ئامارەکانی 8 مانگی ساڵی 2024:
- هاوسەرگیری: 200 هەزار و 531
جیابوونەوە: 48 هەزار و 727
 
ئامارەکان بەپێی مانگەکان:
 
کانوونی دووەمی 2024:
 
- هاوسەرگیری:
30 هەزار و 895 
- جیابوونەوە:
7 هەزار و 453 
 
شوباتی 2024:
 
- هاوسەرگیری:
29 هەزار و 119 
- جیابوونەوە:
6 هەزار و 324 
 
ئاداری 2024: 
 
- هاوسەرگیری:
24 هەزار و 88 
- جیابوونەوە:
6 هەزار و 222 
 
نیسانی 2024:
 
- هاوسەرگیری:
21 هەزار و 851 
- جیابوونەوە:
5 هەزار و 537 
 
ئایاری 2024: 
 
- هاوسەرگیری:
28 هەزار و 505 
- جیابوونەوە:
6 هەزار و 666 
 
حوزەیرانی 2024:
 
- هاوسەرگیری:
23 هەزار و 324 
- جیابوونەوە:
4 هەزار و 779
 
تەمموزی 2024: 
 
- هاوسەرگیری:
26 هەزار و 62 
- جیابوونەوە: 
6 هەزار و 344 
 
ئابی 2024: 
 
هاوسەرگیری:
16 هەزار و 687
جیابوونەوە: 
5 هەزار و 402