هاوپەیمانیی نەسر: تورکیا داگیرکەرە و دەبێت گوشاری بخرێتەسەر

 
رووداو دیجیتاڵ
 
هاوپەیمانیی نەسر بە سەرۆکایەتیی حەیدەر عەبادی رایگەیاند، پێویستە عێراق گوشاری ئەمنی، سیاسی و ئابووری لە تورکیا بکات، بۆ راگرتنی پێشێلکارییەکانی بۆ سەر سەروەریی عێراق. دەشڵێت: "تائێستا لە وەڵامی ئەو دەستدرێژی و پێشێلکردنەی بۆ سەروەریی عێراق کاردانەوەی کاریگەری رووبەڕوو نەکراوەتەوە."
 
رۆژی سێشەممە 19-9-2023 هاوپەیمانیی نەسر، راگەیێندراوێکی لەبارەی ئەو هێرشەی پاشنیوەڕۆی دوێنی دووشەممە، 18ـی ئەیلوولەوە کە کرایە سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەت، بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە: "سەرکۆنەی دەستدرێژیی تورکیا بۆ سەر فڕۆکەخانەی عەربەت لە پارێزگای سلێمانی دەکەین، کە بووە هۆی شەهیدبوون و برینداربوونی شەش کەس لە ئەندامانی دەزگای دژەتیرۆر."
 
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەیدا، هاوپەیمانیی نەسر دەڵێت: "تورکیا بە پاساوی جیاواز بەردەوامە لە کارە دوژمنکارانەکانی بەرامبەر عێراق، تائێستا لە وەڵامی ئەو دەستدرێژی و پێشێلکردنەی بۆ سەروەریی عێراق کاردانەوەی کاریگەری رووبەڕوو نەکراوەتەوە، شەرمە بێدەنگی بەردەوام بێت. بەردەوامبوون لەگەڵ ئەو دەستدرێژییە بەردەوامانەی تورکیا خیانەتە."
 
کاژێر 04:05ی ئێوارەی رۆژی دووشەممە، 18ـی ئەیلوولی 2023، بە درۆن هێرشکرایە سەر هۆڵێکی فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت، کە هێزێکی دژە تیرۆر تێیدا سەرقاڵی مەشق و راهێنان بوون.
 
دوای هێرشەکە دژەتیرۆری گشتی هەرێمی کوردستان (CTG) لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکەدا، سێ پێشمەرگەیان "شەهیدبوون" و سێ ئەندامی دیکەیان برینداربوون. 
 
هاوپەیمانێتییەکە لە راگەیێندراوەکەیدا تورکیا بە وڵاتێکی داگیرکاری عێراق ناودەهێنێت و دەڵێت: "دەیان بنکەی سەربازیی لە خاکی عێراق هەیە، جگە لە بەردەوامبوونی لە پێشێلکردنی سەروەریی عێراق و دەستوەردانی لە کاروباری نێوخۆیی عێراق کە بابەتێکی بێدەنگی لێکراوە و ئەوە کێشەیەکی نیشتمانییە."
 
هاوپەیمانیی نەسر ئاماژەی بەوەداوە عێراق چەندین بژارەی هەیە بە تووندی مامەڵە لەگەڵ تورکیا بکات و دەڵێت: "لەسەرمان پێویستە رێساکانی یاریکردن لەگەڵ تورکیا لەرووی ئەمنی، سیاسی و ئابوورییەوە بگۆڕین، ئەگەر نیشتیمان و سەروەری شکۆی هەبێت، ئەوەش تاقیکردنەوەیەکی جیددی هێزە بەرپرسەکانە لە دەوڵەت لەم ساتە مێژووییەدا."
 
هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی عەربەت، لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان کاردانەوەی تووندی بەدوای خۆیدا هێنا، هەریەک لە مەسرور بارزانی، لەتیف رەشید، عەممار حەکیم و قەیس خەزعەلی و ژمارەیەک سەرکردە و لایەنی دیکەی کوردستانی و عێراقی سەرکۆنەی هێرشەکەیان کرد.
 
رۆژی سێشەممە، 19ـی ئەیلوولی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی بۆردوومانکردنی فڕۆکەخانەی عەربەت بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "پێویستە بە زووترین کات لایەنە پەیوەندیدارەکان لێکۆڵینەوەیەکی ورد لە هۆکار و چۆنیەتی ئەم رووداوە بکەن و راستییەکان ئاشکرا بکرێن."