"مەترسیدارترین" بازرگانى ماددەى هۆشبەر لە میسان بە 40 کیلۆ کریستاڵەوە دەستگیردەکرێت


رووداو دیجیتاڵ

دەزگاى ئاسایشى نیشتیمانیى عێراق رایگەیاند، "مەترسیدارترین" بازرگانى ماددەى هۆشبەریان لە پارێزگاى میسان بە 40 کیلۆ ماددەى هۆشبەرى کریستاڵەوە دەستگیرکردووە. 
 
18ى ئەیلوولى 2022 دەزگاى ئاسایشى نیشتمانیى عێراق لە راگەیێندراوێکدا دەستگیرکردنى ئەو بازرگانەى ماددەى هۆشبەرى بڵاوکردەوە و بە مەترسیدارترین ناوى بردووە.
 
بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، لەکاتى دەستگیرکردنییدا ئەو تۆمەتبارەدا "40 کیلۆگرام ماددەى هۆشبەرى جۆرى کریستاڵى پێبووە و دوای وەرگرتنی گوتە لێى، دۆسێکەى ئاڕاستەى لایەنى دادوەرى تایبەتمەند کراوە".  
 
رۆژی 26ى ئابى 2022، عەقید بیلال سوبحى، بەڕێوەبەرى راگەیاندن و پەیوەندییەکانى بەڕێوەبەرایەتیى بنبڕکردنی ماددەى هۆشبەری عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "کریستاڵ بە گرام یان میلیگرام دەفرۆشرێت؛ نرخەکەى لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکى دیکە دەگۆڕدرێت؛ نرخى یەک گرامى لە هەندێک شوێن دەگاتە 80 هەزار دینارى عێراق".
 
بەگوێرەى ئامارەکانى بەڕێوەبەرایەتیی بنبڕکردنى ماددەى هۆشبەر و کاریگەرە هزرییەکانى عێراق، لە حەوت مانگى سەرەتاى ئەمساڵدا دەستگیراوە بەسەر (136) کیلۆ و (158) گرام ماددەى هۆشبەرى جۆرى کریستاڵ؛ زۆرترینی لە مانگى تەممووزدا بووە کە 29 کیلۆ و 560 گرام بووە.