کارەبای سلێمانی بۆ بەربژێران: پۆستەر بە لەحیم بە ستوونی کارەباوە بلکێنرێت، سکاڵا تۆمار دەکەین

19-09-2021
جووتیار قارەمان
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پێشوەخت
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی رایدەگەیێنێت، بەشێک لە بەربژێرانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بانگەشەکانیان بە لکێنەری کانزایی (لەحیم) بە ستوونەکانی کارەباوە دەلکێنن و سکاڵایان لەسەر تۆمار دەکەن بۆ ئەوەی سزابدرێن.
 
سیروان محەممەد، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "بە داخەوە لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵمەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، بەشێک لە بەربژێرەکان ستوونەکانی کارەبا بەکار دەهێنن و بانگەشەکانیان لەحیم دەکەن کە زیانێکی گەورە بە ستوونەکە دەگەیەنن کە لاوازی دەکەن. داوا لە هەموو بەربژێرەکان دەکەین کاتێک بانگەشەکانیان هەڵدەواسن لەحیم بەکار نەهێنن."
 
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی ئاماژەی بەوە دا، لە بەشێکی شەقامەکان بانگەشەی هەڵبژاردن بە لەحیم بە ستوونەکانی کارەباوە لکێنراون کە زۆربەی بەربژێرەکان بەکاریان هێناوە. ئەگەر ناچار ببین، رەنگە سکاڵای یاسایی لەسەر ئەو بەربژێرە تۆمار بکەین کە ئەوەی کردووە.
 
ئەو بەرپرسە لە کارەبای سلێمانی جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت بەربژێرەکان ئەو بانگەشانە بە جۆرێک لێبکەنەوە زیان بە ستوونەکان نەگەیەنن، ئەو ستوونانەیشی زیانیان بەر کەوتووە دەبێت پێیان ببژێردرێت و، زیانەکان هەڵدەسەنگێنن و داوای قەرەبوویان لێ دەکەین.
 
بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی لە فەیسبووک راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و داوای له‌ كۆمیسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق کرد كه‌ بەربژێرەکان ئاگاداربكاته‌وه‌ كه‌ "له‌ كاتى هه‌ڵواسینى رێكلامه‌كانیان له‌حیم به‌كارنه‌هێنن، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ رێكارى یاسایی به‌رامبه‌ریان ده‌گیرێته‌ر".
 
سیروان محەممەد گوتی: "ئێمە قسەمان لەگەڵ کۆمیسیۆن کردووە، ئەوان دەڵێن کە ناتوانن ئاگاداریان بکەنەوە و تەنیا ئەوەیان لەسەرە کە نابێت شوێنە گشتییەکان و فەرمانگە حکومییەکان بۆ بانگەشە بەکار بهێنن و بۆ شتی دیکە دەستکراوەن."
 
بەپێی بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی، ئێستا ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستاندا 3000-3500 مێگاواتە. بەهۆی نزمبوونەوەی پلەی گەرما و کەمبوونەوەی خواستەوە زیاتر لە 20 کاژێر کارەبای نیشتمانی هەیە.
 
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی گوتی: "سوودی زۆرمان لە بەستنی پێوەری زیرەک بینیوە. کۆمەڵێک کاری بۆ ئاسان و کۆمەڵێک کێشەیشی بۆ چارەسەر کردووین. جگە لەوەیش، کاریگەریی لەسەر کەمبوونەوەی بەفیڕۆچوون و کەمکردنەوەی بەکارهێنانی کارەبا هەبووە. زۆر چاومان لەسەر تەواوبوونی پرۆژەی بەستنی پێوەری زیرەکە، بۆ ئەوەی سیستەمی بەڕێوەبردنی کارەبا بگۆڕدرێت کە شێوازێکی زۆر کۆنە."
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری داوە فەرمانگەکانی کارەبا لەو داهاتی کارەبایەی کە کۆی دەکەنەوە 8٪ـی بۆ پرۆژەکانی خۆیان خەرج بکەنەوە.
 
سیروان محەممەد گوتیشی: "دوو ساڵە حکومەت بڕیاری داوە کە بتوانین 8٪ـی داهاتمان بەکار بهێنینەوە. ئیتر لەو کاتەوە توانیومانە هەندێک پرۆژە بکەین، وەک نۆژەنکردنەوەی تۆڕی کارەبای هەندێک لە گەڕەکەکان و دانانی گۆڕەری یەدەک و گەیاندنی کارەبا بە هەندێک گەڕەکی تازە."
 
بە گوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی، لە دوو ساڵی رابردوودا بە بەهای 35 ملیار دینار لەو داهاتی 8٪ـە پرۆژەیان جێبەجێ کردووە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق

فایەق زێدان: سێجار پۆستی سەرۆکوەزیرانم رەتکردووەتەوە و ئێستاش رەتیدەکەمەوە

سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەڵێت، تاوەکو ئێستا سێ جار پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراقی رەتکردووەتەوە و ئێستاش رەتیدەکاتەوە. ئاماژە بەوەش دەکات، سەرکردەکانی کورد ویستی جیاکردنەوەی هەرێمی کوردستانیان لە عێراق نییە.