لە سەماوە گەنجێک خوشکەکەی بە ئاوی گەرم دەسووتێنێت

 
رووداو دیجیتاڵ

دادگەی لێکۆڵینەوەی سەماوە رایدەگەیێنێت لە پارێزگای سەماوە گەنجێک خوشکەکەی بە ئاوی گەرم سووتاندووە و بەو هۆیەوە گیانی لەدەستداوە.
 
دادگەی لێکۆڵینەوەی سەماوە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، پەڕاوی لێکۆڵینەوەی تایبەتی بۆ قوربانیی رووداوەکە بە ناوی (خ. ع. ف) رەوانەی هۆبەی تاوانەکانی سەماوە کردووە بۆ تەواوکردنی لێکۆڵینەوە لەو رووداوە.
 
دادگەی لێکۆڵینەوەی سەماوە ئاماژەی بەوە کردووە، گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە کچەکە لە رێگەی مەنجەڵی ئاوی گەرمەوە سووتێندراوە؛ بۆیشیان روونبووەتەوە کە بۆچی قوربانییەکە لەلایەن کەسوکارەکەیەوە چارەسەری پزیشکی نەکراوە، هەرچەندە وردەکاری لەوبارەوە باس نەکراوە، بەڵام گوتراوە قوربانییەکە خوار سکی سووتێندراوە.
 
دادگەی لێکۆڵینەوەی سەماوە ئەوەشی خستووەتەڕوو، دوای گەڕان و لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی بەڵگەی تاوان بۆ گەیشتن بە ئەنجامدەری ئەو تاوانە، دۆسیەکە خرایە بەردەم دادوەری پسپۆڕ و دووپات لەوە کرایەوە کە گومان هەیە لەوەی براکەی ئەو تاوانەی کردبێت.
 
دادوەر بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ تۆمەتبار (ح. ب. ص)، برای قوربانییەکە دەرکردووە و ئەویش گوتەی لێوەرگیراوە و دانی بەوەدا ناوە کە خوشکەکەی کوشتووە، بۆیە بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی فەرمانی دەستگیرکردنەکە جێبەجێ کراوە و دۆسیەکەی رەوانەی دادگەی تایبەت کراوە بۆئەوەی بەپێی یاسا سزای دادپەروەرانەی خۆی وەربگرێت.