HRW: پەرلەمانی عێراق خۆی بۆ بەیاساییکردنی هاوسەرگیریی منداڵان ئامادە دەکات
رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوى چاودێریی مافەکانی مرۆڤ (هیومەن رایتس وۆچ) رایگەیاند، هەمواری یاسای باری کەسی رێگە بە مەرجەعەکانی ئایینی دەدات لەجیاتی یاساکانی دەوڵەت کاروباری هاوسەرگیری و میرات لە دژی مافەکانی بنەڕەتی رێکخبەن. دەشڵێت، "هەموارەکە شوێنەواری کارەساتبار لەسەر مافەکانی کچان و ژنان بەجێدەهێڵێت و رێگە بە هاوسەرگیریی منداڵی خوار تەمەن 9 ساڵ دەدات".
هیومەن رایتس وۆچ، لە راگەیێندراوێکدا بەناونیشانی "عێراق، پەرلەمان خۆی بۆ بەیاساییکردنی هاوسەرگیریی منداڵان ئامادە دەکات"، تیشک دەخاتە سەر هەمواری یاسای باری کەسیی عێراق کە رۆژی 4ـی ئەم مانگە، پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کرد و رەخنەی تووندی لێدەگرێت.
رێکخراوەکە لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت، "ئەگەر پەرلەمان یاساکە هەمواربکاتەوە، لێکەوتەی کارەساتباری لەسەر مافەکانی ئافرەتان و کچان دەبێت کە بەپێی یاسای نێودەوڵەتی گەرەنتیکراوە. رێگە بە هاوسەرگیریی منداڵانی خوار تەمەن 9 ساڵ دەدات، جگە لە بەرتەسککردنەوەی یەکسانی بەپێی یاسای عێراق، نەهێشتنی پارێزگاری لە ئافرەتان لە پرسەکانی جیابوونەوە و میرات".
سەرباری ئەوانە رێکخراوەکە پێیوایە هاوسەرگیریی پێشوەختە کە هەمواری یاساکە رێگەی بۆ خۆش دەکات و "کچان رووبەڕووی مەترسیی تووندوتیژی سێکسی و جەستەیی دەکاتەوە و لێکەوتەی خراپی لەسەر تەندروستی جەستەیی و دەروونی دەبێت، جگە لە بێبەشبوون لە خوێندن و کارکردن".
سارە سەنبەر، توێژەری کاروباری عێراق لە رێکخراوەکە دەڵێت، "پەسندکردنی رەشنووسی یاسای باری کەسی، هەنگاوێکی وێرانکەرە بۆ پاشەکشێی ئافرەتان و کچانی عێراق، بۆ مافەکانیش کە زۆر بۆی تێکۆشان، کچان شوێنیان قوتابخانە و یاریگەیە لەبری ئەوەی جلی بوکێنییان لەبەر بکرێت".
رێکخراوەکە پێیوایە دیاریکردنی مەزهەبی کچ و کوڕ لەکاتی هاوسەرگیری، مەزهەبگەرایی زەقتر دەکاتەوە، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات مەزهەبی جەعفەریی شیعە رێگە بە هاوسەرگیری منداڵانی تەمەن 9 ساڵ دەدات و کوڕانیش دەتوانن لە 15 ساڵی هاوسەرگیری بکەن، لەکاتێکدا یاسا 18 ساڵی بۆ هاوسەرگیری دیاریکردووە، 15 ساڵیش ئەگەر بە رەزامەندی دادوەر بێت، جگە لە پشتبەستن بە شیاویی منداڵەکە و توانانی جەستەیی.
هەموارەکە رەوایەتی بە هاوسەرگیرییە تۆمارنەکراوەکانیش دەدات، ئەوانەی پیاوانی ئایینی دەیانکەن و لەلای دادگەکان تۆمارنەکراون.
رێکخراوى چاودێریی مافەکانی مرۆڤ، لە راپۆرتەکەیدا دەڵێت: لە 20 ساڵی رابردوودا رێژەی هاوسەرگیریی منداڵان زیادیکردووە و 28٪ـی منداڵانی خوار 18 ساڵ هاوسەرگریری دەکەن، 22٪ـی هاوسەرگریییەکانیش تۆمارنەکراون، ئەوانە کچانی خوار تەمەن 18 ساڵیان تێدایە.
رێکخراوەکە دەڵێت: بە جێبەجێکردنی هەموارەکە ئافرەتان و کچان پاڵپشتیی یاسایی لەدەستدەدن، ئەو ژنانەی جیابوونەتەوە پارێزگارییان لەسەر هەڵدەگیرێت، بەپێی مەزهەبی جەعفەری ئافرەتان پارەی خەرجی "نەفەقە"یان نامێنێت، جگە لە نەمانی مارەیی، هەروەها منداڵەکان تەنیا دوو ساڵ لەگەڵیدا دەژین بەو مەرجەی شوو نەکاتەوە، هاوکات مافی میراتیشی نامێنێ.
لە دامەزراندنی دوو تۆماری تایبەت بە حوکمە شەرعییەکانیشدا، رێکخراوەکە دەڵێت، "چاودێریی دیموکراسییەتی لەسەر نابێت و دەسەڵاتێکی نەگونجاو بە مەرجەعەکانی ئاینی دەدرێت".
ریکخراوەکە داوای رەتکردنەوەی هەموارەکە دەکات و دەڵێت، "کاریگەریی لەسەر نەوەکانی ئێستا و داهاتوو دەبێت".
نەدا سوڵتان، نوێنەری هاوپەیمانی 188ـی عێراقی لە کەرکووک لەبارەی راپۆرتەکەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەڵمەتێکی باشە بۆ رەتکردنەوەی هەموارەکە، ئێمە لای خۆمانەوە لە رێگەی پەرلەمانتارانەوە هەوڵێکمان دەستپێکردووە بۆ ئەوەی لە رێگەی دادگەی فیدڕاڵییەوە ئەو رەشنووسی هەموارە بکشێندرێتەوە، جگە لەوە لە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکانمان بەردەوام دەبین، لەگەڵ سەرۆک هۆز و پیاوانی ئایینی و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیش بۆ رەتکردنەوەی هەموارەکە بەردەوام دەبین".
هاوپەیمانیی 188 کە لە ژمارەیەک رێکخراو، هێزە مەدەنییەکان، چالاکڤانانی رێکخراوەکانی مەدەنی و ژنان پێکدێت، ناوەکەی ئاماژەیە بۆ یاسای باری کەسیی ژمارە 188ـی ساڵی 1959ـی عێراق، بەتەواوەتی دژایەتی هەموارەکە دەکات و تاوەکو ئێستا ژمارەیەک خۆپێشاندانی بۆ کراوە.
هەمواری یاسای باری کەسی، لەلایەن پەرلەمانتار رائید مالیکی، پەرلەمانتاری سەربەخۆ پێشکێش کراوە، هەموارێکی مشتومڕهەڵگرە. رۆژی 24ـی تەمموزی 2024، بەهۆی ناکۆکی لەسەر پڕۆژەکە، پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ هەموارەکە دواخست، بەڵام لە کۆبوونەوەی رۆژی یەکشەممە، 4ـی ئەم مانگەی پەرلەمان، خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کرا.
بەپێی هەموارەکە مادەی دووەمی یاساکە هەمواردەکرێتەوە و بڕگەی سێی بۆ زیاد دەکرێت کە ئەمانەی تێدایە:
- دیاریکردنی مەزهەب بۆ ئەوەی گرێبەستی پێکهێنانی ژیانی هاوژینی لەسەر بکرێت و حوکمەکانی ئەو مەزهەبەیان بەسەردا جێبەجێ بکرێت.
- هەر کەسێک پێشتر ئەو خاڵەی سەرەوەی جێبەجێ نەکردووە، دەتوانێت داواکاری بۆ هەڵبژاردنی مەزهەب پێشکێش بکات.
- ئەگەر ناکۆکی لەنێوان هاوژینەکان هەبوو لەبارەی ئەو مەزهەبەی بەپێی حوکمەکانی گرێبەست دەکەن، گرێبەستەکە بەپێی مەزهەبی پیاوەکە دەبێت.
- دیوانەکانی وەقفی سوننە و شیعە پابەند دەبن پەڕاو و تۆماری حوکمە شەرعییەکان لە پرسەکانی باری کەسی دروستبکەن.
- تۆمار یان پەڕاوەکان حوکمەکانی باری کەسێتی بەپێی فیقهی شیعەی جەعفەری دەبێت بۆ شیعە و یەکێکی دیکە بەپێی فیقهی سوننە دەبێت، لە دانانیاندا پشت بە بۆچوونی کەسە دیارەکانی هەردوو مەزهەبەکە لە عێراق دەبەسترێت.
- ئەگەر دیاریکردنی ئەو کەسە دیارەی لە مەزهەبی شیعە پشتی پێدەبەسترێت کێشەی تێکەوت، ئەوا بۆچوونی ئەو مەرجەعە ئایینییە پشتی پێدەبەسترێت کە زۆرینەی شیعە لە عێراق پەیڕەوی دەکەن. لە سوننەش رای ئەنجوومەنی زانستی و فەتوا وەردەگیرێت.
خاڵی دووەمی هەموارەکە ئەوەیە بڕگەی پێنج لە مادەی 10 لادەبرێت و ئەم دەقە شوێنی دەگرێتەوە، "دادگەی باری کەسێتی گرێبەستەکانی هاوژینی پەسند دەکات، دوای ئەوەی لەلایەن کەسانی رێگەپێدراوەوە لە دیوانەکانی وەقفی سوننە و شیعە یان لایەنێکی شەرعی یان یاسایی پەسند دەکرێن".