تەندروستیی عێراق: دەنگۆی تۆمارکردنی نەخۆشیی ئاوڵەی مەیموون راست نییە
رووداو دیجیتاڵ
دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی ئاوڵەی مەیموون، وەزارەتی تەندروستیی عێراق دڵنیایی دەدات لەوەی تائێستا هیچ تووشبوویەک [لە عێراق] تۆمارنەکراوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 19ـی ئابی 2024، وەزارەتی تەندروستیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "دوای ئەوەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی ئاوڵەی مەیموون دۆخی نائاسایی لە جیهاندا راگەیاند، وەزارەتی تەندروستیی دڵنیایی تەواو دەدات لەوەی تائێستا هیچ حاڵەتێکی ئەو نەخۆشییە لە عێراق تۆمارنەکراوە".
ئاماژە بەوەش دەدات، دڵنیایی دەدەنە هاووڵاتیان کە وەزارەتەکەیان هەموو رێوشوێن و ئامادەکارییەکی پێویستی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو نەخۆشییە و رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی گرتووەتەبەر".
وەزارەتی تەندروستیی عێراق، سەرجەم ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لە تۆمارکردنی دوو حاڵەت دەکەن لە بەغدا و ناسرییە.
نەخۆشیی ئاوڵەی مەیموون ڤایرۆسییە و لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە. هۆکارەکانی گواستنەوەی نەخۆشییەکە بریتین لە:
- دەستلێدان
- ماچکردن
- سێکسکردن
- بەکارهێنانی پەڕۆ، جلوبەرگ و دەرزیی بەکارهاتووی کەسی تووشبوو
نیشانەکانی نەخۆشییەکە:
- تا
- پەڵەی پێست
- سەرئێشە
- ئازاری ماسوولکەکان
- بێهێزی
- ئاوسانی لیمفەگرێیەکان