وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بۆ رووداو: 22 هەزار ژن و منداڵی عێراقی لە کەمپی هۆل ماون
رووداو دیجیتاڵ
نزیکەی 50 هەزار ژن و منداڵی چەکدارانی پێشووی داعش لە کەمپی هۆلن لە پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان. بە گوتەی بریکاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، 10 هەزار هاووڵاتی عێراقی لەو کەمپەوە گەڕێندراونەتەوە و 22 هەزاری دیکە ماون.
ئەمڕۆ یەکشەممە 19ی ئابی 2024 کەریم نووری، بریکاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق قسەی بۆ هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدا کرد و رایگەیاند، "کەمپی هۆل نزیکەی 53 هەزار ژن و منداڵی داعشی تێدایە. تاوەکو ئێستا ئێمە 10 هەزار کەسمان گەڕاندووەتەوە بۆ عێراق، چونکە مانەوەیان لەو کەمپە مەترسیدارە و هێنانەوەیان باشترین رێگەچارەیە."
کەریم نووری گوتیشی، "بەشێک لەو ژن و منداڵانەی هێندراونەتەوە عێراق، ئەوانەی کە هیچ تاوانێکیان لەسەر نییە و وەک هەر هاونیشتمانییەکی دیکەی ئاسایی دەژین و پێم باش نییە پێیان بگوترێت خێزانانی داعش، چونکە ئەو دەستەواژەیە کاریگەری لەسەر دەروونیان دەبێت، لە کاتێکدا ئەوان بێتاوانن. ئێستا نزیکەی 22 هەزار عێراقی لەو کەمپە ماون و حکومەتی عێراق دەیەوێت بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات سەرجەمیان بگەڕێنێتەوە."
کەریم نووری باسی لەوەش کرد، "کەمپی هۆل بووە بە شوێنێک بۆ پەروەردەکردنی نەوەیەکی نوێی داعش و ئەگەر چارە نەکرێت، هەڕەشەکەی لە ساڵی 2014 زیاتر دەبێت."
سەبارەت بە کەمپی ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان، بریکاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق گوتی، "لیژنەیەکی هاوبەش لە وەزارەتی کۆچی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان و رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان پێکهێندراوە بۆ ئەوەی بە هاوئاهەنگی ئەو پرسە یەکلایی بکەینەوە. ئەو کەمپانە بوون بە بارگرانی بۆسەر هەرێمی کوردستان و بۆ ئێمەش کێشەن، بۆیە زۆر گرنگە ئەو هاووڵاتیانە بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان".
کەمپی هۆڵ دەکەوێتە باشووری شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان و کەسوکاری چەکدارانی داعش تێیدا جێگرکراون.