حیزبی دەعوە: دەبێت باڵیۆزى بەریتانیا داواى لێبووردن بکات
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژى مەکتەبی سیاسیی حیزبى دەعوەى ئیسلامى دەڵێت، ستیڤن هیچن، باڵیۆزى بەریتانیا بەهۆی لێدوانەکانى لەبارەى دۆخى ئەمنیى عێراق "پێویستە داواى لێبووردن بکات."
گوتەبێژى مەکتەبی سیاسیى حیزبى دەعوەى ئیسلامى راگەیێندراوێکى لەبارەى لێدوانى ستیڤن هیچن، باڵیۆزى بەریتانیا لە عێراق بڵاوکردەوە کە باسی لە دۆخى ئاسایشى عێراق کردبوو.
گوتەبێژەکە رایگەیاند، باڵیۆزى بەریتانیا بە لێدوانەکانى لە بارەى دۆخى ئەمنیى عێراق رۆڵ و ئەرکى دیپلۆماسیى خۆى تێپەڕاندووە و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانى پێشێل کردووە.
ستیڤن هیچن لە بەرنامەی بێستوون تۆکی تۆڕی میدیایی رووداو کە 15-08-2024 پەخش کرا، باسی لە دۆخی عێراق کرد و گوتی، پێویستە ئاسایش و سەقامگیری بەهێز بێت بۆ ئەوەی وەبەرهێنان بکرێت.
ستیڤن هیچن گوتی، "کێشەی گەشتیاری ئەوەیە پشت بە ئارامی و ئاسایشی وڵات دەبەستێت. بێگومان رەوشی ئەمنی 100 جار لە جاران باشترە، بەڵام هێشتا هەڕەشە لەسەر بەریتانییەکان هەر هەیە، تەنانەت هەڕەشە لەسەر منیش هەیە."
ستیڤن هیچن هەروەها گوتبووی "هەندێ میلیشیا ئێمەیان خۆشناوێ، بۆیە زەحمەتە، بۆ نموونە، خزمەکانی خۆم هان بدەم سەردانی عێراق بکەن. ئەمە بەشێکە لە کێشەی نەبوونی کۆنترۆڵی ئەمنی و نەبوونی کۆنترۆڵ لەسەر بڵاوبوونەوەی چەک، بەڵام پشت بەخودا چاوم لەو رۆژەیە کە گەشتیاران بە ژمارەی زۆر بگەڕێنەوە بۆ سەردانی ئەم وڵاتە جوانە."
گوتەبێژى مەکتەبی سیاسیى حیزبى دەعوەى ئیسلامى کە نوورى مالیکى سەرۆکایەتى دەکات، ئاماژەى بەوە داوە؛ قسەکانى باڵیۆزى بەریتانیا خزمەت بە پەیوەندیی نێوان هەردوو وڵات ناکات و "پێویستە داواى لێبووردن بکات."
لە بەشێکى دیکەى راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "ئەو ملیۆنان زیارەتکارەى کە بەرەو کەربەلاى پیرۆز بەڕێدەکەن لە ناوەوە و دەرەوەى عێراقەوە هاتوون، سەلمێنەرى ئەو ئاستەى ئاسایش و سەقامگیرییەن کە وڵاتى تێدایە."