میلیشیایەکی عێراقی: هێرشەکانمان رادەگرین و دوای چلەی ئیمام حوسێن دەستپێدەکەینەوە
رووداو دیجیتاڵ
میلیشیایەکی عێراق رایگەیاند، لە شەوی دووشەممەوە تاوەکو تەواوبوونی رێوڕەسمەکانی چلەی ئیمامی حوسێن هێرشەکانیان رادەگرن، هەڕەشەی هێرشەکردنە سەر ئیسرائیل و بنکەکانی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا و کەنداویش لە دوای چلەوە دەکات.
میلیشیای ئەسحابولکەهف، یەکێک لە گرووپە چەکدارەکانی عێراق، شەوی دووشەممە، 19ـی ئابی 2024، رایگەیاند بۆ "پشتیوانی لە خۆڕاگریی گەلی فەلەستین" ناوی گرووپەکەیان بۆ "کەتیبەکانی هاواری قودس" دەگۆڕن.
ئەو گرووپە چەکدارییە عێراقییە، کە لە ساڵی 2017وە دامەزراوە، دەڵێت: "دەمانەوێت لەو رێگەیەوە جەخت لە راستییەک بکەینەوە، لە سەرەتای شەڕەکەوە سەلماندوومانە ئەویش ئەوەیە چوارچێوەی ئامانجەکانمان سنووری سایکس-بیکۆی ستەمکار دیاریی ناکات، کە تەنیا ئاسانکاری بۆ تاکڕەویی داگیرکاران لە وڵاتانی ئیسلامی کردووە".
ئەو گرووپە چەند جارێک بەرپرسیارێتیی هێرشەکانی سەر هێزەکانی هاوپەیمان لە عێراق و سووریا گرتووەتە ئەستۆ و پەیکەربەندیی سەربازیی و سەرکردەکانی نادیارە، مەترسیی خۆیشی نەشاردووەتەوە لەوەی ئەگەری هەیە هێرشبکرێتە سەر سەردانیکارانی مەزاری ئیمامی حوسێن لەلایەن ئەوانەی بە "دوژمن" ناوی بردوون.
گرووپەکە دەڵێت: "سەرجەم هێرشە سەربازییەکانمان لە رۆژی دووشەممەوە تاوەکو شەوی چلە رادەگرین، بەڵام لە کۆکردنەوەی زانیاری و هەواڵگری و دیاریکردنی ئامانجەکان بەردەوام دەبین".
لە دوای چلەی کوژرانی ئیمامی حوسێن، کە هەفتەی داهاتوو دەکات، گرووپەکە دەست بەهێرشەکان دەکاتەوە، وەکو روونیکردووەتەوە، باسی سنووری هێرشەکانیشی دەکات و دەڵێت: "پشتیوان بەخوا بانکی ئامانجەکانمان ئەوەندەیە کە قەوارەی زایۆنی پێشبینی ناکات، تا دەگاتە بنکەکانی داگیرکاری ئەمریکا لە عێراق و سووریا و کەنداو، هەموویان بەدرێژایی کات لەپێش چاومانن".
گرووپی ئەسحابولکەهف، یەکێکە لەو گرووپانەی بەپێی پەیمانگەی واشنتن بۆ رۆژهەڵاتی نزیک، فەرمان لە گرووپی عەسائیبی ئەهلی حەق بە سەرۆکایەتی قەیس خەزعەلی، وەردەگرێت.
گرووپەکە تاوەکو ئێستا ژمارەیەک هێرشی لە ئەستۆگرتووە، لەوانە هێرشێکی مووشەکی بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە 17ـی تشرینی دووەمی ساڵی 2020، هێرش بە بۆمبی چێندراو بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ئاداری 2020، هێرشکردنە سەر هێزەکانی تورکیا لە 15ـی شوباتی 2021.