تەندروستیی زیقار: هیچ تووشبوویەکی ئاوڵەی مەیموون تۆمار نەکراوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری تەندروستی پارێزگای زیقار رەتیدەکاتەوە هیچ زیارەتکارێکی بیانی، یاخود دانیشتووی پارێزگاکە وەکو تووشبووی ئاوڵەی مەیموون تۆمارکرابێت.
دکتۆر راشد نەجم خاليدی، بەڕێوەبەری تەندروستیی پارێزگای زیقار رۆژی دووشەممە 19-08-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: تاوەکو ئێستا هیچ تووشبوویەکی ئاوڵەی مەیموون لە زیقار تۆمار نەکراوە، نە لە زیارەتکارێکی بەنگلادیشی و نەهیچ کەسێکی دیکە.
ئەو قسانەی بەڕێوەبەری تەندروستیی زیقار دوای ئەوە هات لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڤیدیۆیەک بڵاوبووەتەوە، گوایە زیارەتکارێکی بەنگلادیشی کە سەردانی عێراقی کردووە، تووشی ئاوڵەی مەیموون بووە.
ئاوڵەی مەیموون، بەهۆی ڤایرۆسێکەوە لە ئاژەڵی تووشبوو بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە؛ بەڵام لەنێو مرۆڤەکان بە بەریەککەوتنی راستەوخۆ دەگواسترێتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 19ـی ئابی 2024، وەزارەتی تەندروستیی عێراق رایگەیاند: "وەزارەتی تەندروستیی دڵنیایی تەواو دەدات کە تائێستا ئەو نەخۆشییە لە عێراق تۆمار نەکراوە".
وەزارەتی تەندروستیی عێراق، سەرجەم ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لە تۆمارکردنی دوو حاڵەت دەکەن لە بەغدا و ناسریە.
دکتۆر سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، رۆژی یەکشەممە (18-08-2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا هیچ تووشبوویەک لە عێراق و هەرێمی کوردستان تۆمار نەکراوە".
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە، وەزارەتەکەیان بە چڕی بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە دەکات، "هەر تووشبوویەک سەلمێنرا، بە فەرمی رایدەگەیێنن و لەوبارەوە هاوئاهەنگیمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە".
ئەو نەخۆشییە زیاتر لە کیشوەری ئەفریقا بەتایبەتی لە وڵاتی کۆنگۆ بە فراوانی بڵاوبووەتەوە.
لەبارەی سەردانی زیارەتکاران بۆ شوێنە پیرۆزەکان و گرتنەبەری رێکارەکان، دکتۆر سەیف بەدر گوتی، لە وڵاتانی دەوروبەر و ناوچەکە ئەو نەخۆشییە بڵاوبووەتەوە، لە هەموو دەروازە سنوورییەکان، وشکانی، ئاوی و ئاسمانی رێکار گیراونەتەبەر، تیمی تەندروستی دانراون، هەر کەسێک گومانی لێبکرێ، رێکاری لە بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
بەگوتەی دکتۆر سەیف بەدر، "ئەو نەخۆشییە چارەسەری راستەوخۆی نییە، بەشێوەیەکی ئەزموونی ڤاکسین لە هەندێک وڵات هەیە، ئەگەر پێویست بکات و ڤاکسین هەبێ، ئەوا وەزارەتی تەندروستی دابینی دەکات".
رۆژی 14ـی ئاب، د. تێدرۆس ئادهانۆم، سەرۆکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئاشکرای کرد، نەخۆشیی ئاوڵەی مەیموون لە هەندێک وڵاتی ئەفریقا بڵاوبووەتەوە کە پێشتر هیچ تووشبوویێکیان تێدا تۆمار نەکراوە.
رێکخراوەکە بە فەرمی دۆخی نائاسایی بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە راگەیاند و دەڵێت: "پێویستە تەندروستیی وڵاتان رێکارەکانی خۆپارێزی بۆ نەخۆشییەکە تووندبکەن".
بەگوێرەی ناوەندی کۆنترۆڵ و پێشگیری لە نەخۆشییەکان CDC لە ئەفریقا، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە زیاتر لە 17 هەزار تووشبووی نەخۆشیی ''ئاوڵەی مەیموون'' تۆمارکراون و 500 کەسیش گیانیان لەدەستداوە؛ ئەمەش بەراورد بە ساڵی رابردوو 160٪ رێژەکان زیادیان کردووە.
نەخۆشییەکە ڤایرۆسییە و لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە. هۆکارەکانی گواستنەوەی نەخۆشییەکە بریتین لە:
- دەستلێدان
- ماچکردن
- سێکسکردن
- بەکارهێنانی پەڕۆ، جلوبەرگ و دەرزیی بەکارهاتووی کەسی تووشبوو
نیشانەکانی نەخۆشییەکە:
- تا
- پەڵەی پێست
- سەرئێشە
- ئازاری ماسوولکەکان
- بێهێزی
- ئاوسانی لیمفەگرێیەکان