رووداو دەقی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی عێراق و تورکیا لەبارەی هاوئاهەنگیی سەربازی و ئەمنی بڵاودەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

رووداو دەقی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەبارەی هاوئاهەنگیی سەربازی و ئەمنی و ''بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر'' لەنێوان حکومەتی کۆماری عێراق و حکومەتی کۆماری تورکیا بڵاودەکاتەوە.
 
شاندی باڵای ئەمنی عێراق و تورکیا 15ـی ئەم مانگە لە ئەنقەرە لەسەر ئەو لێکتێگەیشتنە، رێککەوتن کە لەلایەن سابت عەباسی، وەزیری بەرگریی عێراق و یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا واژۆکرا.
 
بەپێی لێکتێگەیشتنەکە، عێراق و تورکیا ناوەندی هاوئاهەنگیی ئەمنی هاوبەش لە بەغدا دادەمەزرێنن، کە سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان دەبێت و بەهاوبەشی لەنێوان کۆماری عێراق و کۆماری تورکیا بەڕێوەدەبردرێت. 
 
ئەرکی ناوەندە هاوبەشەکە ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگریی مەیدانییە لەسەر سنووری هاوبەش و گەیاندنی هەر زانیارییەک کە رەهەندی ئۆپەراسیۆنی و ستراتیژییەتی بۆ بارەگای باڵای هەردوو لایەن هەبێت. 
 
 یاداشتنامەکە لە 10 مادە و چەندین خاڵ پێکهاتووە، تێیدا بە وردی باسی شێوازی کارکردنی هەردوولا (عێراق و تورکیا) کراوە بۆ هاوئاهەنگیکردن بۆ "پاراستنی بەرژەوەندییە ئەمنی و نیشتمانییەکانیان و برەودان بە هاوئاهەنگیی ئەمنی و سەربازی و هەواڵگری لە رێگەی ئاڵوگۆڕکردنی زانیارییەکان سەبارەت بە رێکخراوە تیرۆرستییەکان."
 
بەپێی لێکتێگەیشتنەکە ناوەندی راهێنان و هاوئاهەنگیی هاوبەشی نێوان هەردوولا لە سەربازگەی باشیک دەبێت. 
 
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو لیژنە هاوبەشە ئەندام دەبێت کە بە سەرۆکایەتیی سوپاسالاری هەردوو وڵاتی عێراق و تورکیا پێکدەهێنرێت و سەرپەرشتیی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەکە دەکەن.
 
لە مادەی پێنجەمی لێکتێگەیشتنەکەدا هاتووە "لیژنەیەکی هاوبەش بە سەرۆکایەتیی سوپاسالاری هەردوو وڵات پێکدەهێندرێت. ئەندامانی لیژنەکەش لە لایەنی عێراقی هەریەک لە بریکارانی وەزارەتی دەرەوە، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، دەزگای هەواڵگری، دەستەی حەشدی شەعبی و وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکدێت. لەلایەنی تورکیاش هەریەک لە بریکاری وەزارەتی ناوخۆ، ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی، دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی و (سێ دامەزراوەی دیکەش کە دواتر دەستنیشان دەکرێن) پێکدێن. کاری ئەم لیژنەیە سەرپەرشتیکردنی ئەم یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنە دەبێت."
 
واژۆکردنی یاداشتنامەکە لە چوارەم کۆبوونەوەی شاندی باڵای ئەمنیی نێوان عێراق و تورکیا لەکاتێکدایە؛ یەکەم کۆبوونەوەی هەردوو شاند لە 2019 لە ئەنقەرە کرا. کۆبوونەوەی دووەمیان لە رۆژی 19ـی کانوونی یەکەمی 2023 بوو، ئەوکات بۆ یەکەمجار لە راگەیێندراوی کۆتاییدا پەکەکە وەک "هەڕەشەی هاوبەش" ناسێندرا. 
 
رۆژی 14ـی ئاداری 2024، سێیەم کۆبوونەوەیان لە بەغدا کرا. تێیدا راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، پەکەکە ـی خستە لیستی رێکخراوە قەدەخەکراوەکانی عێراق. 
 
دەقی یاداشتنامەکە:

یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەبارەی هاوئاهەنگیی سەربازی و ئەمنی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لەنێوان حکومەتی کۆماری عێراق و حکومەتی کۆماری تورکیا 

دیباجە
 
هەردوو حکومەتی کۆماری عێراق و حکومەتی کۆماری تورکیا کە لەم یاداشتنامەیەدا بە "لایەن" و "لایەنەکان" ئاماژەیان پێدەکرێت، جەخت لە پەیوەندیی هاوبەشی مێژوویی بەهێز دەکەن لەسەر بنەمای رێزگرتن لە سەروەرییەکان، ئاسایش، یەکگرتوویی سیاسیی و سەلامەتی خاکی هەردوو وڵات، بەپێی یاسای نێودەوڵەتی و جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بەو پێیەی لەگەڵ داڕشتنی یاسا نیشتمانییەکان گونجاو بێت. هەردوولایەن رێکدەکەون بۆ هاوئاهەنگیکردن بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ئەمنی و نیشتمانییەکانیان و برەودان بە هاوئاهەنگیی ئەمنی و سەربازی و هەواڵگری لە رێگەی ئاڵوگۆڕکردنی زانیارییەکان سەبارەت بە رێکخراوە تیرۆریستییەکان، کە لە رۆشنایی بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و یاسا کارپێکراوەکانی هەردوو وڵات بە رێکخراوی تیرۆریستی و قەدەخەکراو پۆلین کراون. 
 
مادەی یەکەم: ئامانج 
 
1. چارەکردنی مەترسییە ئەمنییەکانی هەردوولایەن. ئامانجی سەرەکیی لەنێوبردنی ئەو هەڕەشانەیە کە رێکخراوە تیرۆریستی و قەدەخەکراوەکان لە دژی سەروەری، ئاسایش، ئارامی و سەلامەتی هەرێمیی هەردوولایەن دەکەن.  
 
2. رێزگرتن لە سەروەرییەکانی یەکدی و کۆتاییهێنان بە بوونی هێزە سەربازییەکانی تورکیا لەسەر خاکی عێراق و راگرتنی سەرجەم پێشێلکارییەکان، بەهەموو جۆرەکانییەوە. 
 
مادەی دووەم: چوارچێوە 
 
1. هەردوو لایەن لەسەر بەهێزکردنی هاوئاهەنگیی ئەمنی و سەربازی و هەواڵگری رێکدەکەون. 
 
هاوئاهەنگییەکان لەم بوارانەی خوارەوە دەکرێن: 
 
أ. راهێنانی سەربازی و راهێنان بۆ جێبەجێکردن یاسا. 
ب. بونیادنانی تواناکان بۆ سەرجەم سێکتەرە سەربازییەکان. 
ت. بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بەگژداچوونی هەڕەشە جیاوازەکانی تیرۆر. 
ث. پاراستنی ئاسایشی سنوورە هاوبەشەکان.
ج. بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی و دزەکردن لەنێوان سنوورەکانی هەردوولا. 
ح. پرسی چەکدارە تیرۆریستە بیانییەکان. 
خ. بەرەنگاربوونەوەی قاچاخ و تاوانی رێکخراو. 
د. ئاڵوگۆڕکردنی زانیارییە هەواڵگرییەکان. 
ذ. دامەزراندنی ناوەندی هاوئاهەنگی ئەمنی هاوبەش لە سنووری نێوان هەردوو وڵات. 
ر. بەهێزکردنی هاوئاهەنگییەکان لە بواری پیشەسازیی جەنگ. 
ز. چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە پلاتفۆڕمە نێودەوڵەتییەکان. 
 
2. لەبارەی ماف و پابەندییەکانی لایەنەکان، نابێ بڕگە و مادەکانی ئەم یاداشتنامەیە پێچەوانەی رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان بێت، کە هەردوولایەن تێیدا ئەندامن یان بەشدارن.  
 
مادەی سێیەم: شێواز و بنەماکانی هاوئاهەنگی 
 
لایەنەکان رووبەڕووی رێکخراوە تیرۆریستییە قەدەخەکراوەکان دەبنەوە و رێگری لە هەر جۆرە چالاکییەکیان دەکەن لە خاکی وڵاتێک لە دژی وڵاتێکی دیکە. بەم شێوازانەی خوارەوە:
 
أ. ئاڵوگۆڕکردنی زانیارییە هەواڵگرییەکان بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی سنوورە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات. چارەسەرکردن و بەرەنگاربوونەوەی هەموو جۆرە هەڕەشە و چالاکییەکی رێکخراوە تیرۆریستییەکان، قەدەخەکراوەکان، گرووپ و ئەندامە نەیارە دژ بە یەکەکان. پێدانی زانیاری کەسیی تیرۆریستان، داواکراوان، دەستگیرکراو و زیندانیکراوەکانی نێوانیان. 
 
ب. رێگریکردن لە هەر لایەنێک بە ئەنجامدانی هەر کارێکی نایاسایی لەسەر خاکی هەردوو وڵات و دابینکردنی چەک و پاڵپشتی لۆجیستی و دارایی بۆ رێکخراوە تیرۆریستییەکان و قەدەخەکراوەکان. 
 
ت. گرتنەبەری رێوشوێنی تووند، کە گونجاو بێت لەگەڵ یاسا نیشتمانییەکان لەپێناو رێگریکردن لە چالاکیی پڕوپاگەندە و دابینکردنی کادر و چەکدار بۆ رێکخراوە تیرۆریستییەکان، قەدەخەکراوەکان، گرووپ و کەسانی دوژمنی هەردوو وڵاتەکە. 
 
ث. هاوئاهەنگیکردن بۆ دۆزینەوە و ئاشکراکردنی ئەو تیرۆریستانەی هاووڵاتی وڵاتی داواکارن و دەستبەسەرکردنیان و دادگەییکردنیان و رادەستکردنەوەیان بەپێی یاسا کارپێکراوەکان لەنێوان هەردوو وڵات دا. 
 
ج. رێگریکردن لە رێکخراوە تیرۆریستییەکان و قەدەخەکراوەکان لە نیشتەجێبوونیان و دابینکردنی شوێنی حەوانەوە و حەشارگەی پارێزراو بەهەر مەبەستێک لە خاکی هەردوو وڵاتدا. 
 
مادەی چوارەم: ناوەندی هاوئاهەنگی ئەمنیی هاوبەش
 
هەردوولایەن ناوەندی هاوئاهەنگی ئەمنی هاوبەش لە بەغدا دادەمەزرێنن. ناوەندەکە سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان دەبێت. بەهاوبەشی لەنێوان کۆماری عێراق و کۆماری تورکیا بەڕێوەدەبردرێت. 
 
ئەرکی ناوەندە هاوبەشەکە و ئەو چالاکییانەی تێیدا ئەنجام دەدرێت: 
 
أ. ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگریی مەیدانی لەسەر سنووری هاوبەش و گەیاندنی هەر زانیارییەک کە رەهەندی ئۆپەراسیۆنی و ستراتیژییەتی بۆ بارەگای باڵای هەردوو لایەن هەبێت. 
 
ب. دەستنیشانکردنی پێداویستییە هەواڵگریی و ئەمنییەکان و چۆنیێتی بەڕێوەبردن و کۆنترۆڵکردن و پەیوەندییەکان کە هاوکاری ناوەندەکە دەبێت بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکانی و هەموو ئەو کارانەی هەردوولایەن لە داهاتوودا لەسەری رێکدەکەون. 
 
ت. هەڵسەنگاندن و بەدواداچوونی هەموو دۆخە ئەمنییەکان لەسەر سنوورە هاوبەشەکاندا. بە لەبەرچاوگرتنی گرنگیی ئاڵوگۆڕکردنی بیروبۆچوون و زانیاری و شیکارییە هەواڵگرییەکان و هەڵسەنگاندنی چالاکیی و بوون و نیازی رێکخراوە تیرۆریستی و قەدەخەکراوەکان بەشێوەی خولی. 
 
ث. بەدواداچوون و گەیاندنی هەر دۆخێک کە پەیوەندیی بە پێشێلکاری و زێدەڕۆییەکان و دەستدرێژییە ئەمنییەکانەوە هەبێت. هەروەها پەیوەندیی بە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی ناوچە سنوورییەکان هەبێت لەنێوان هەردوو وڵات و هاوئاهەنگی کارا بکرێت بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی گونجاو و بەپەلە لەپێناو چارەسەرکردنی و بەجێگەیاندنی تەواوی ئەرکەکان. 
 
ج. گرنگی کار و پابەندییەکانی ناوەندی هاوئاهەنگی هاوبەش بۆ سەرجەم بڕگەکانی مادەی سێیەم و شێوازەکان و بنەماکانی هاوئاهەنگی. 
 
بەڕێوەبردنی ناوەندی هاوئاهەنگی ئەمنیی هاوبەش: 
 
أ. ناوەندی هاوئاهەنگی ئەمنیی هاوبەش هەفتانە حەوت رۆژ و رۆژانە 24 کاژێر کاردەکات. دەوامکردن بە چەند شەفتی رێکخراو دەبێت. رۆژانە راپۆرتی دۆخەکان و دوایین هەڵوێستەکان ئامادە دەکات. راپۆرتی هەنووکەیی و لەناکاو بەشێوەیەکی هاوبەش ئامادە دەکات.
 
ب. کارمەندان و ئەندامانی ناوەندە هاوبەشەکە هاوئاهەنگی دەکەن بۆ بەڕێوەبردنی بەش و هۆبەکان بەپێی پسپۆڕییەکان. 
 
رێکخستنی ناوەندی هاوئاهەنگی ئەمنی هاوبەش: 
 
أ. بەڕێوەبەری ناوەندەکە بە پلەی لیوا دەبێت بۆ هەردوو وڵات. شوێنگرەوەکانیان عەمیدی پێشکەوتوو دەبێت. لە پاڵ ئەمەشدا 6-8 ئەفسەر بە پلەی جیاواز لەنێوان هەردوو وڵات بۆ بەڕێوەبردنی هۆبە و بەشەکان بەپێی رێککەوتنی نێوان هەردوو وڵات دیاری دەکرێن. باشتر وایە لە پسپۆڕەکانی ئۆپەراسیۆن، هەواڵگری، سنوور، پەیوەندیکردن، دەروازەکان، هێزی ئاسمانی، فڕۆکەوانیی سوپا، فڕۆکەوانی مەدەنی، کاروباری سڤیل و هەر پسپۆڕییەکی دیکە کە هەردوولایەن لەسەری رێکدەکەون. 
 
ب. پەیکەربەندی ناوەندەکە لەلایەن هەردوولایەنەوە رێکدەخرێت بەوپێیەی لەگەڵ ئەرک و ئاڵنگاری و خواستەکان گونجاو بێت. 
 
ناوەندی راهێنان و هاوئاهەنگی هاوبەش 
 
أ. بارەگای ئێستای ناوەندە هاوبەشەکە لە سەربازگەی ئێستای باشیک دەبێت. 
ب. ناوەندەکە پسپۆڕە لە بواری راهێنان و هاوئاهەنگی و ئاڵوگۆڕی شارەزاییەکان لە چوارچێوەی پسپۆڕییە ئەمنییە جیاوازەکان دەکرێت. 
ت. لایەنی عێراقی، ئەرکی پاراستنی ئاسایش و پاسەوانیکردن و دابینکردنی پاڵپشتی لۆجیستی تەواو بۆ ناوەندەکە دەکات. 
ث. لایەنەکان لەبارەی میکانیزمی تێروتەسەلی کاری ناوەندەکە رێکدەکەون. لەسەر کارنامەکانی راهێنان و هەموو ئەو پرسانەی پەیوەندییان بە هاوئاهەنگی هەیە بە بەشداریکردنی لایەنەکانی راهێنانی پسپۆڕ و تایبەتمەندی هاوبەش رێکدەکەون. 
ج. رەشنووسی هاوبەشی نێوان هەردوولایەن ئامادە دەکرێت لەپێناو رێکخستنی کاری ناوەندەکە و میکانیزمی راهێنان و هاوئاهەنگی هاوبەش بە بەشداریکردنی لایەنەکانی راهێنانی پسپۆڕ و تایبەتمەند. 
 
پەیوەندییەکان و بە بەڵگەنامەکردن (تۆماری بەڵگەنامەکان) 
 
أ. سەرباری پەیوەندیی راستەوخۆ لە رێگەی کەناڵە پشتبەستووەکان، پێویستە هۆکاری پەیوەندیکردنی دڵنیاکەر و متمانەپێکراوی هاوبەش لەنێوان هەردوولایەن دابمەزرێت و سەرجەم پێداویستی و کەرەستەکانیشی بۆ سەرخستنی ئەرکەکان فەراهەم بکرێت. 
ب. ئامادەکردنی راپۆرتی دۆخی رۆژانە بەهەردوو زمانی تورکی و عەرەبی و واژۆکردنی هاوبەش لەسەر راپۆرتەکاندا. 
ت. بەشێوەیەکی هاوبەش هەردوولایەن، راپۆرتی تێروتەسەلی هەفتانە لەبارەی دۆخی ئەمنی ئامادە دەکەن. 
ث. سەرجەم بەڵگەنامە و زانیاریی و پەیوەندییەکان و ئەو رێکارانەی دەگیرێنەبەر، بە بەڵگەنامە و فەرمانی فەرمیی گرنگ هەژمار دەکرێت و دەبێ بپارێزرێت و تەنیا لە کەناڵە رێگەپێدراوەکاندا بەشێوەیەک بەکاربهێندرێت، کە دزەی پێنەکرێت و جگە لە لایەنە رێگەپێدراوەکان، بەهیچ لایەنێکی دیکە نەدرێت. 
 
پاراستن و ئاسایش 
 
پێویستە ئاسایشی ناوەندە هاوبەشەکە بە ئەندامان و شوێنی حەوانەوەیان و هۆکارەکانی گواستنەوەیان و کەرەستەکانیان و کەسانی یاوەریان 24 کاژێر لەلایەن کۆماری عێراقەوە بپارێزرێت. پێویستە باڵەخانە و دامەزراوەکانی ناوەندە هاوبەشەکەش بە تەواوی پارێزراو بن و پاسەوانی بکرێن. پێویستە سەرجەم دەروازەکان بە رێکاری ئەمنی توندوتۆڵ بپارێزرێت. ئەگەر پێویست بێت رێوشوێنی ئەمنی تۆکمە بە رێککەوتنی فەرماندەکانی هەردوولایەن و بە هێزێکی هاوبەش بپارێزرێت. 
 
پێداویستییە دارایی و لۆجیستییەکان 
 
أ. دابینکردنی خواردن و شوێنی حەوانەوە و خزمەتگوزارییە پزیشکی و تەندروستییەکان و پێداویستییە جیاوازەکانی کارمەندان و ئەندامانی ناوەندە هاوبەشەکە لە ئەستۆی حکومەتی کۆماری عێراق دەبێت. هەروەها رێکارە پەیوەندیدارەکان بە پرسە تەکنیکی و داراییەکان و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان و خۆراک و نیشتەجێبوون و سەرجەم پێداویستییەکانی دیکەش لەنێوان هەردوولایەن دەگیرێتەبەر. 
ب. دابینکردنی سەرجەم پێداویستییە دارایی و لۆجیستییەکان و دەستنیشانکردنی شوێنی حەوانەوەی کارمەندان لەناو ناوەندەکەدا دوای رێککەوتنی هەردوولایەن، دەکەوێتە ئەستۆی حکومەتی کۆماری عێراق. 
 
پرسە یاساییەکان
 
أ. هەر کارێکی نایاسایی کە ئەندامان و کارمەندانی ناوەندەکە دەیکەن جا لەناوەوە یان لە دەرەوەی ناوەندەکە بێت یاخود لە کاتی ئەرک، یان لە دەرەوەی ئەرک بێت، بەپێی یاسا کارپێکراوەکانی دادگەی کۆماری عێراق سزا دەدرێن. 
ب. هەردوولایەن کارنامە و پێوەرەکانی کارکردنی ناوەندی هاوئاهەنگی ئەمنی هاوبەش و دەستنیشانکردنی ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانیان دیاری دەکەن. 
 
مادەی پێنجەم: لیژنەی هاوبەش 
 
1. لیژنەیەکی هاوبەش بە سەرۆکایەتیی سوپاسالاری هەردوو وڵات پێکدەهێندرێت. ئەندامانی لیژنەکەش لە لایەنی عێراقی هەریەک لە بریکارانی وەزارەتی دەرەوە، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، دەزگای هەواڵگری، دەستەی حەشدی شەعبی و وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکدێت. لەلایەنی تورکیاش هەریەک لە بریکاری وەزارەتی ناوخۆ، ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی، دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی و (سێ دامەزراوەی دیکەش کە دواتر دەستنیشان دەکرێن) پێکدێن. کاری ئەم لیژنەیە سەرپەرشتیکردنی ئەم یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنە دەبێت. 
 
2. لیژنە هاوبەشەکە هەر سێ مانگ جارێک و هەر جارە و لە پایتەختی یەکێک لەم دوو وڵاتە کۆدەبێتەوە. 
3. ئەگەر پێویست بکات، لەسەر داوای یەکێک لەلایەنەکان، لیژنەکە کۆبوونەوەی نائاسایی و بەپەلە دەکات.
 
مادەی شەشەم: نهێنی 
 
1. بەپێی ئەم یاداشتەی لێکتێگەیشتنە؛ بە (کۆدی نهێنی تەواو) سەرجەم زانیاری و بەڵگەنامە ئاڵوگۆڕکراوەکان، مافی لەخۆگرتنی فکری و مادی، بابەتە سەربازییە دەستکەوتووەکان و بەرهەمهێندراوەکان دەپارێزرێت. هەروەها بە پشتبەستن بە بڕگە و مادەکانی پێشووی ئەم یاداشتنامەیە، بەو پەڕی نهێنییەوە مامەڵەی هاوبەش لەگەڵ زانیارییەکان دەکرێت. 
 
2. هەردوولایەن بەپێی ئاستی نهێنی بەڵگەنامە و زانیارییەکان کۆدی تایبەت و پۆلێنکراو بەکاردەهێنن. بەتایبەتی لە گەیاندن و ناردنی زانیارییەکان، کۆدەکانیش بەم ناونیشان و دەستەواژانە بە هەردوو زمانی عەرەبی و تورکی بەکار دەهێندرێن (بۆ حکومەتی عێراق – بۆ حکومەتی تورکیا: زۆر نهێنی، نهێنی، بەکارهێنانی سنووردار و نهێنی نییە) پۆلێن دەکرێت. 
3. بەپێی ئەم یاداشتنامەیە؛ لایەنەکان، زانیارییە نهێنییەکان و بەڵگەنامە ئاڵوگۆڕکراوەکان وەک ئامرازێک لە دژی یەکدی بەکارناهێنن.
4.  بەپێی ئەم یاداشتنامەیە؛ بەبێ بوونی رەزامەندی نووسراو و واژۆکراوی لایەنە پەیوەندیدارە هاوبەشەکان و فەرماندە راستەوخۆ هاوبەشەکان، بەهیچ شێوەیەک نابێت زانیاریی و بەڵگەنامە نهێنییە دەستکەوتووەکان بۆ لایەنی سێیەم ئاشکرا بکرێت یان دزە بە ناوەڕۆکەکەی بکرێت. 
5. لەکاتی ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری و بەڵگەنامەکاندا، تەنیا کەناڵی فەرمی یان ئەو کەناڵە تایبەتەی لایەنە ئەمنییە هاوبەشەکە دیاری دەکەن و بەپێی پۆلینی کۆدی نهێنیی بەکاردەهێندرێت. 
6. هەردوولایەن تا کۆتاییهاتنی ئەرکی یاداشتنامەکە بەردەوام دەبن بە لەئەستۆگرتنی ئەرکی پاراستنی نهێنییەکان و کارکردن بە پۆلێنی کۆدە نهێنییەکان. 
7. هەردوولایەن رێز لە ماف و رێسا کارپێکراوەکان دەگرن بەتایبەتی لە مافی پاراستنی وەشان، نهێنی بازرگانی و چالاکیی هاوکارییە هاوبەشەکەی نێوانیان. 
8. ئەگەر پێویست بکات، رێککەوتنی ئەمنی جیاواز لە دەرەوەی بازنەی کاری ناوەندە هاوبەشەکە دەکرێت بۆ گواستنەوە و بەکارهێنان و پاراستنی زانیارییەکان و کەرەستە و بابەتە نهێنییە ئاڵوگۆڕ پێکراوەکان. هەردوولایەن بەرپرسیارێتی خۆیان بە رێککەوتنە نوێیە جیاوازەکە رادەگەیێنن. 
9. رەنگە لایەنەکان مەرج بەسەر یەکدی بسەپێنن لەبارەی هەندێک بابەت کە پەیوەندیی بە نهێنییە نیشتمانییەکانەوە هەیە. 
 
مادەی حەوتەم: چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان 
 
لە ئەگەری بوونی هەر ناکۆکی و لێکتێنەگەیشتنێک لەبارەی هەر بڕگە و مادەیەک و کاری هاوبەشی نێوانیان، هەردوولایەن پرس و راوێژی تایبەت بە سەرووی هاوبەشی خۆیان دەکەن، بەبێ ئەوەی سکاڵا لە دادگە ناوخۆیی، نێودەوڵەتیی تۆمار بکرێت یان لایەنی سێیەم ناوبژییان بکات. 
 
مادەی هەشتەم: هەموارکردن و چاوخشاندن
 
هەردوولایەن لە رێگەی داواکاری نووسراوی تایبەتەوە بۆیان هەیە پێشنیازی هەموارکردنەوەی بڕگە و مادەکانی ئەم یاداشتنامەیە بکەن، ئەگەر پێویست بکات. هەروەها دوای رەزامەندی لایەنی بەرامبەر، دەکرێ پرسی هەموارکردنەکە لە کۆبوونەوەی خولی لیژنە هاوبەشەکاندا دەخرێتە بەرباس و لێکۆڵینەوە. بە رێککەوتنی هەردوولایەن و دوای واژۆکردن لەسەر دەقی رەشنووسی رێککەوتنەکە، ئەوسا بە پشتبەستن بە مادەی (9) هەموارەکە بۆ یاداشتنامەکە زیاد دەکرێت. 
 
مادەی نۆیەم: جێبەجێکردن، دەستبەکاربوون و کۆتاییهێنان بە ئەرکەکە 
 
1. ئەم یاداشتنامەیە لەو رۆژەوە کارا دەبێت کە لایەنی پەیوەندیداری هەردوولایەن رەشنووسی واژۆکراو پێشکێش بەیەکدی دەکەن و تێیدا روونی دەکەنەوە بڕگە و مادەکانی ئەم یاداشتنامەیە گونجاوە لەگەڵ یاساکانی هەردوو وڵات. 
 
2. ئەم یاداشتنامەیە بۆ ساڵێک کاری پێدەکرێت و نوێ دەکرێتەوە. ئەگەر لایەنێک نەیەوێت یاداشتنامەکە نوێ بکاتەوە، لە رێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکان داوا دەکات و کارکردن لەماوەی شەش مانگ دوای پێشکێشکردنی داواکاری کارنەکردن تێیدا کۆتایی دێت. بەو مەرجەی شەش مانگ پێش کۆتاییهاتنی یاداشتنامەکە نووسراوێک ئاراستەی لایەنی بەرامبەر بکات و ئاگاداری بکاتەوە. 
 
3. هەردوولایەن بەڵێننامە پڕدەکەنەوە و بەرپرسیارێتی دەگرنە ئەستۆ لە پاراستنی نهێنی کاری ناوەندەکە، زانیارییەکان، بەڵگەنامە ئاڵوگۆڕپێکراوەکان دوای تەواوبوونی یاداشتنامەکەش. 
 
4. پابەندییەکانی هەردوولایەن دوای کۆتاییهاتنی ئەرکی کارکردن بە یاداشتنامەکە دوای شەش مانگ لە ئاگادارکردنەوەی یەکدی بە نووسراوی تایبەت، کۆتاییان پێدێت. 
 
مادەی دەیەم: دەق و واژۆکردن و بەروار
 
1. دەقی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن بە دوو کۆپی ئۆرجیناڵی ئامادەکراو بە زمانەکانی عەرەبی و تورکی و ئینگلیزی داڕێژراوە. سەرجەم دەقەکان لە رووی دەستەواژەکانەوە یەکسانن. لە ئەگەری بوونی هەر جۆرە لێکتێنەگەیشتنێک لە خوێندنەوە و شیکاریکردنی مادەکان، پشت بە دەقە ئامادەکراوەکەی زمانی ئینگلیزی دەبەسترێت. 
 
2. ئەم یاداشتنامەیە لەلایەن وەزیرانی بەرگریی هەردوو وڵات یان لەلایەن کەسایەتییە رێگەپێدراوە فەرمییەکانەوە واژۆکراوە.