رووداو دیجیتاڵ
14 هاونیشتمانیى هەرێمى کوردستان وەکو نوێنەرى "هەزاران" دەنگدەر لە دادگەى فیدراڵى سکاڵا تۆمار دەکەن، کە کێشەى نەخوێندنەوەى پەنجەمۆریان هەیە لەلایەن ئامێرەکانى دەنگدانەوە، سێ رێگە چارەش بۆ کێشەکەیان پێشنیاز دەکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە 19ى ئاب، یەکەم دانیشتنى دادگەی باڵاى فیدراڵیى عێراقە لەبارەى ئەو سکاڵایەوە کە لە دژى سەرۆکى ئەنجوومەنى کۆمیسیارانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکان تۆماریان کردووە.
ئەیاد کاکەیی، پارێزەرى دۆسیەکە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "ئەو 14 کەسە لە هەر سێ پارێزگاکانى سلێمانى، هەولێر و دهۆک-ن، وەکو نوێنەرى هەزاران کەس کە کێشەى نەخوێندنەوەى پەنجەمۆریان هەیە."
سکاڵاکاران داوا دەکەن سەرۆکى ئەنجوومەنى کۆمیسیاران ناچار بکرێت بە چارەسەکردنى کێشەى ئەو دەنگدەرانەى کە پەنجەمۆریان ناخوێندرێتەوە، بۆ ئەوەش سێ رێگەچارەیان پێشنیاز کردووە، کە بەم شێوەیە: "ماوەى تۆمارکردن درێژ بکرێتەوە تاوەکو ئەو کاتەى دووبارە پەنجەمۆر وەردەگیرێتەوە، پەنابردن بۆ تیشکى چاو لەبرى پەنجەمۆر، یان دانانى تۆمارێکى دەنگدانى تایبەت بەو کەسانەى پەنجەمۆریان ناخوێندرێتەوە."
ئەیاد کاکەیی گوتى، "دانیشتنەکەى دادگە بەبێ ئامادەبوونى نوێنەرى هەردوو لایەنى سکاڵاکار و سکاڵا لێکراو دەبێت."
بەگوێرەى رێکارەکانى کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، لە هەر وێستگەیەکى دەنگدان رێگە بە 5%ى دەنگدەرانى ئەو وێستگەیە دەدرێت کە بەبێ خوێندنەوەى پەنجەمۆر دەنگ بدەن، ئەگەر رێژەکە زیاتر بوو، پرۆسەى دەنگدان دەگەڕێتەوە سەر شێوازى ئاسایی خۆی و تەنیا ئەوانە دەتوانن دەنگ بدەن کە ئامێرەکانى دەنگدان پەنجەمۆریان دەخوێنێتەوە.
سەرچاوەیەکى بەرپرس لە کۆمیسیۆن بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، تاوەکو ئێستا کۆمیسیۆن مکوڕە لەسەر ئەوەى تەنیا کار بە رێژەى 5% بکات کە لە رێکارەکانیدا هاتووە.
لە سکاڵانامەکەدا کە دەست تۆڕى میدیایی رووداو کەوتووە، ئاماژە بەوە دراوە کە بەهۆى بڕیارێکى کۆمیسیۆن لە 29ى ئایارى 2024 بۆ راگرتنى تۆمارى بایۆمەترى و دووبارە تۆمارکردنەوەى پەنجەمۆرى ئەوانەى پێشتر ئامێرەکان پەنجەیانى نەخوێندووەتەوە، وایکردووە سەدان هەزار دەنگدەر بێبەش بن لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان و نەتوانن دەنگ بدەن، ئەوەش "پێچەوانەى دەستوورە."
20ى تشرینى یەکەم دیاریکراوە بۆ رۆژى هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە یەکەمجارە بە سیستمى ئەلیکترۆنى دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ