کەتائیب سەیدولشوهەدا: وەڵامی بۆردوومانەکانی تورکیا بۆ سەر شنگال دەدەینەوە

19-08-2021
گۆڤەند مستەفا
نیشانەکردن شنگال تورکیا یەبەشە حەشدی شەعبی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
گوتەبێژی کەتائیب سەیدولشوهەدا رایدەگەیێنێت لە بەرامبەر رژانی خوێنی چەکدارەکانیان لە هێرشی ئەمدواییەی تورکیا بۆ سەر شنگال بێدەنگ نابن، ئاماژە بەوەش دەدات وەڵامدانەوەیان بۆ ئەو هێرشانە حەتمی دەبێت و دەشڵێت "بڕیارەکە لەژێر لێکۆڵینەوەدایە".
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 19-08-2021، کازم فەرتووسی، گوتەبێژی کەتائیب سەیدولشوهەدا، کە یەکێکە لە گرووپەکانی سەر بە حەشدی شەعبی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سەروەریی عێراق بۆ هەموو لایەنێک قەدەخەکراوە، جا چ دەرەکی بێت یان نێوخۆیی، هاوکات ناکرێت دەستدرێژی بکرێتە سەری و بێڕێزی بەرامبەر بکرێت".
 
کازم فەرتووسی دەڵێت: "حەشدی شەعبی قبووڵ ناکات خوێنی چەکدارەکانی بە فیڕۆ بڕوات، لەگەڵ دووبارەبوونەوەی ئەو هێرشانەی تورکیا، ئەوا حەتمەن وەڵامدانەوەمان دەبێت و ئەو بڕیارەش لەژێر لێکۆڵینەوەدایە و پێویست بە مۆڵەتیش ناکات، لەگەڵ ئەوەش لەسەر حکومەت پێویستە قبووڵی بکات ئەگەر بێت و دۆخەکە ئاسایی نەکاتەوە و مافی شەهیدەکانمان وەرنەگرێتەوە".
 
بە گوتەی فەرتووسی "دەستدرێژییەکانی تورکیا بە بیانووی راوەدوونانی چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان چەند جارێکە بۆ سەر قەزای شنگال لە پارێزگای نەینەوا و دەوروبەری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و سلێمانی دووبارە دەبێتەوە، کە ناکرێت بەو پاساوە چ هێز بهێننە ناو خاکی عێراق و چ پێشێلی سەروەری خاکی عێراق بکەن".
 
گوتەبێژی کەتائیب سەیدولشوهەدا دەشڵێت: "حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانیش  کەمتەرخەمن و بە بیانووی وەهمیەوە رێگە بە چوونی حەشدی شەعبی بۆ نێو شنگال نادەن، ئەمەش ئەوە نیشان دەددات کە ویستێکی هاوبەش لەنێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان و حکومەتی تورکیا هەیە بۆ ئەوەی رێگە بە حکومەتی تورکیا بدات ئەو ناوچانە بکەنە ئامانج".
 
فەرتووسی ئاماژە بەوەش دەدات، کە ئەوان ئامادەن بۆ ئەوەی "بەرگری لە سنووری عێراق و سەروەرییەکەی بکەین و لەسەر حکومەتی عێراقیش پێویستە بە شێوەیەک مامەڵە بکات پێش ئەوەی دۆخەکە لە کۆنترۆڵ دەربچێت".
 
رۆژی دووشەممەی رابردوو دەستەی حەشدی شەعبی کوژرانی فەرماندەی فەوجی 80ی حەشدی بەهۆی هێرشێکی ئاسمانی لە رێگەی فڕۆکەی بێفرۆکەوانەوە لە قەزای شنگال راگەیاند.
 
وەک لە راگەیێندراوەکەی دەستەی حەشدی شەعبیدا هاتووە: "سەعید حەسەن سەعید، فەرماندەی فەوجی 80ی هێزەکانی ئێزدی بۆ پاراستنی چیای شنگال لە حەشدی شەعبی، لە رێگەی بۆردوومانی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی نەناسراوەوە لە نێو قەزای شنگال شەهید کرا".
 
رۆژی 16-08-2021 فڕۆکەکانی تورکیا لە بۆردوومانێکدا لە شنگال ئۆتۆمبێلێکیان کردە ئامانج و لە ئەنجامدا دوو کەس گیانیان لەدەستدا و چواری دیکەش برینداربوون. 
 
تەحسین قاسم، پەیامنێری رووداو لە شنگال رایگەیاند لە بۆردوومانەکەدا ئۆتۆمبێلێکی جۆری تۆیۆتا کراوەتە ئامانج، "شەش کەس لە نێو ئۆتۆمبێلەکە بوون و چواریان بریندار بوون و دووانیان گیانیان لەدەستداوە. یەکێک لەو کەسانەی گیانی لەدەستداوە فەرماندەیەکی یەکینەکانی بەرخودانی شنگال - یەبەشە، بووە."
 
یەکینەکانی پاراستنی گەل - یەبەشە لە راگەیێندراوێکدا کوژرانی فەرماندەکەی لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا لە شنگال پشتڕاستکردووەتەوە و رایگەیاند، فەرماندەکەیان ناوی سەعید حەسەن-ە و گەریلایەکیش بەناوی عیسا خودێدا کە برازای سەعیدە کوژراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە