رووداو دیجیتاڵ
لە شەشەمین ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵاتەکانی CC-GLOBALـی ساڵانە لە ئەڵمانیا، خەڵاتی پلە یەک لەسەر ئاستی جیهان درایە دەستپێشخەرییە مرۆییەکانی ئاسیاسێڵ، ئەوەش لەپێناو پشتگیریکردنی لە پڕۆژەی "بەیەکترشادکردنەوەی ئاوارەکان" لە عێراق.
18ـی حوزەیرانی 2022، کریەر کمیونیتی Carrier Community، کە پلاتفۆڕمێکی جیهانیی تایبەتە بە کەناڵەکانی میدیا و براندەکانی بازرگانی و تۆڕەکانی دابینکاریی خزمەتگوزاریی پەیوەندییەکان و هاوبەشەکانی بواری سیستمی ژینگەیی (ئیکۆ سیستەم)، بە ئامادەبوونی زیاتر لە 320 میوان، میوانداری شەشەمین ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵاتەکانی CC-GLOBALـی ساڵانەی کرد.
کریەر کمیونیتی "Carrie Community" کە ناودارترین یانەی جیهانیی تایبەتە بە کۆمپانیاکانی مۆبایل و بارەگاکەی لە بەرلینە، رێزلێنانی بەخشییە کۆمپانیای ئاسیاسێڵ لە عێراق ئەوەش لە نێوان کۆمپانیا و دامەزراوە گەورە رکابەرەکانیدا، هەروەها ئاسیاسێڵی وەکو یەکەمین کۆمپانیا دەستنیشانکرد لەسەر ئاستی جیهان لە پای ئەو رۆڵەی گێڕاویەتی لە دەستپێشخەرییە مرۆڤدۆستانەکانیدا ئەوەش بەهۆی ئەم پڕۆژەیەی کە لە "بەیەکتر شادکردنەوەی ئاوارەکان" لە عێراق کردوویەتی.
ئاسیاسێڵ لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "دەستپێشخەرییەکانمان (ناوەندەکانی هیوا) لە کەمپەکانی ئاوارەکان شێوازێکی تایبەت بوو بە ئاسیاسێڵ بۆ باشترکردنی ژیانی ئەو ئاوارانە کە ناچارکراون ماڵوحاڵی خۆیان جێبهێڵن و رووبکەنە نادیار؛ ناچارکراون لە هەلومەرجێکی ناهەمواردا بژین لە پێناو دەربازبوون لە تووندوتیژی و مامەڵەی نامرۆڤانە. ناوەندەکانی هیوا کراون بە دوو بەشەوە: یەکەمیان تەرخانکراوە بۆ دابینکردنی یارمەتی پزیشکی ئۆنلاین و رەوانەکردنی کەیسە مەترسیدارەکان بۆ شاری پزیشکی فاروق بۆ وەرگرتنی چارەسەری بێبەرامبەر، دووەمیشیان ئینتەرنێت کافێیەکە کە یارمەتیی پەنابەران دەدات لەگەڵ خێزانەکانیان لە پەیوەندیدا بن، درێژە بە خوێندن بدەن، زیاتر ئاگاداری بارودۆخی عێراق بن یان تەنانەت بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش، بەتایبەتی بۆ مناڵەکانیان."
عومەر فالح، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و میدیا لە ئاسیاسێڵ لەو بارەیەوە گوتی: "کاتێك ئەوپەڕی هەوڵی خۆمان دەخەینەگەڕ بۆ یارمەتیدانی خوشك و براکانمان لە کەمپەکانی ئاوارەکان، هەستدەکەین هێشتا هیچی وامان نەکردووە و دوایەمین شت بیر لێ بکەینەوە بەدەستهێنانی خەڵاتە. ئێمە وەکو کۆمپانیایەکی خزمەتگوزار، ئەوەی کردوومانە لە باوەڕبوونمان بە بەها و پرەنسیپە سەرەکییەکانی ئاسیاسێڵ کردوومانە. بەڕاستی ئازارمان دەدات کە دەبینین چەندین خێزان ناچارکراون ماڵوحاڵی خۆیان بەجێبهێڵن و، تاوەکو ئێستاش ناتوانن بگەڕێنەوە."
ئاسیاسێڵ ئەو خەڵاتەی لە ئەنجامی کارەکانی لە کەمپەکانی ئاوارەکان پێ بەخشراوە، لە درێژەی بەرنامە بەردەوامەکانی لە بواری "CSR"دا لە عێراق. دەستەی داوەرانی خەڵاتەکانی "Carrier Community" کە کۆمەڵێک داوەری دەستەبژێر "نوخبە"ن، بەوە ناسراون کە رژدترین و وردترین دەستەی داوەرین لە کۆمەڵگەی تێلیکۆمدا لە جیهان و خەڵات و ریزبەندییەکانیان دوای پرۆسەیەکی گەڕان و لێكۆڵینەوە چڕوپڕ دەبەخشنە براوەکان.
ئەوە بەڕێوەبەرە هەروەها باسی لەوەش کرد: "بەڵێن بە گەلی عێراق دەدەین کە ئاسیاسێڵ هەمیشە باشترین و پێشکەوتووترین خزمەتگوزارییان پێشکێش دەکات، چ ئەوەی سوود بە کۆمەڵگە دەگەیێنێت بەشێوەیەکی گشتی، یان بە کەرتی پەیوەندییەکان".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ