ناوەندێکى ئابوورى: هەناردەى نەوتى عێراق بۆ ئەمریکا 30% کەمیکردووە

رووداو  دیجیتاڵ
 
ناوەندێکى ئابووریی عێراق رایگەیاند، هەناردەى نەوتى عێراق بۆ ئەمریکا لە چارەکى یەکەمى ئەمساڵ بەراورد بە چارەکی یەکەمی پار 30% کەمیکردووە.
 
بەڕێوەبەرى ناوەندەکە دەڵێت، "هۆکارەکەى زۆرى تێچووە و یەک بەرمیل 12 بۆ 15 دۆلار زیاترى تێدەچێت".
 
ئەو ئامارە سەنتەرى عێراقى سەربەخۆ بۆ توێژینەوە ئابوورییەکان بڵاویکردووەتەوە کە پشتى بەستووە بەو ژمارانەى کارگێڕى زانیاریى وزەى ئەمریکا هەفتانە بڵاوی کردووەتەوە. 
 
 بەگوێرەى ئامارەکە، لەو ماوەیەدا عێراق 20.5 ملیۆن بەرمیل نەوتى بۆ ئەمریکا هەناردەکردووە و داهاتەکەى 1.6 ملیار دۆلار بووە. تێکڕای نرخی نەوتەکەش 78.17 دۆلار بۆ یەک بەرمیل. 
 
لە سێ مانگى یەکەمى ساڵى رابردوودا عێراق 29.35 ملیۆن بەرمیل نەوتى هەناردەى ئەمریکا کردووە و بەهاکەى 2.18 ملیار دۆلار بووە، تێکڕای نرخی نەوتەکەش 74.15 دۆلار بۆ یەک بەرمیل. 
 
مەنار عوبێدى، بەڕێوەبەرى ناوەندى عێراقى سەربەخۆ بۆ توێژینەوە ئابوورییەکان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "کەمبوونەوەى هەناردەى نەوتى عێراق بۆ ئەمریکا پەیوەندارە بە زۆرى تێچووەکەیەوە بەراورد بە هەناردەى نەوت بۆ چین و هیندستان کە زۆرترین نەوتى عێراق دەکڕن".
 
مەنار عوبێدى گوتى، "جیاوازى تێچووى هەناردەى نەوتى عێراق بۆ ئەمریکا بەراورد بە چین و هیندستان 12 بۆ 15 دۆلارە، هەر کاتێک خواستنى ئەو دوو وڵاتە لەسەر نەوتى عێراق کەم بێت، هەناردە بۆ ئەمریکا زیاد دەکرێت".
 
لە ئامارەکەى ناوەندى عێراقى سەربەخۆ بۆ توێژینەوە ئابوورییەکان هاتووە، لە سێ مانگى یەکەمى ئەمساڵدا ئەمریکا رۆژانە 6.4 ملیۆن بەرمیل نەوتی هاوردە کردووە، تێچووەکەی 53.2 ملیار دۆلار بووە، کەنەدا لە ریزبەندى یەکەم و عێراق لە ریزبەندى هەشتەمى هەناردەکارانى نەوت بووە بۆ ئەمریکا.