کەسێک لە بەغدا سێ ئەندامی خێزانى براکەی دەکوژێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، تۆمەتبارێکیان دەستگیرکردووە، کە سەرجەم ئەندامانی خێزانی براکەی خۆی کوشتووە.
رۆژی چوارشەممە 19-06-2024 وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڵاویکردەوە، دوای گەیشتنی زانیاریی لەبارەی رووداوێکی کوشتن لە ناوچەی سەدری بەغدا، دەستبەجێ هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی و پۆلیسی رەسافەی بەغدا گەیشتنە شوێنی رووداوەکە.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاندووە، دوای کۆکردنەوەی زانیاری و سەیرکردنەوەی کامێراکانی چاودێری، توانیان شوێنی تۆمەتبارەکە دەستنیشان بکەن و دەستگیری بکەن.
بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی ناوخۆ، تۆمەتبارەکە، بە چەکی کلاشینکۆف سێ ئەندامی خێزانی براکەی کوشتوون.
تۆمەتبارەکە لە لێکۆڵینەوەی پۆلیسدا دانى بەوەداناوە، کە بەهۆى کێشەى خێزانییەوە ئەو تاوانەی کردووە.