سبەی یەکەم رۆژی هاوینە؛ لە نۆ پارێزگای عێراق تینی گەرما دەگاتە سەرووی 50 پلە

رووداو دیجیتاڵ
 
سبەی پێنجشەممە کە یەکەم رۆژی وەرزی هاوینی ئەمساڵە، لە نۆ پارێزگای عێراق پلەی گەرما دەگاتە 50 و 51 پلەی سیلیزی.
 
لە پارێزگاکانی کەرکووک و نەینەوا و هەرێمی کوردستان، پلەی گەرما لەنێوان 42 بۆ 47 پلە دەبێت.
 
گوتەبێژی دەستەی کەشناسیی عێراق دەڵێت، "پێشبینی دەکەین هەفتەی داهاتوو گەرمتر بێت".
 
بەپێی لێكدانەوە فەلەكییەكان، سبەی پێنجشەممە، 20ـی حوزەیرانی 2024، یەکەم رۆژی وەرزی هاوینی ئەمساڵە، ئەژی چەتۆ حەسەن، سەرۆکی رێکخراوی فەلەکناسیی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، "بەپێی پێوانە فەلەكییەكان سبەی پێنجشەممە، لە هەرێمی كوردستان و نیوەگۆی باكووری زەویی ‎یەكەم رۆژی هاوین دەبێت. كاژمێر 11:50ـی پێشنیوەڕۆی شەو بە كاتی هەولێر، هەرێمی كوردستان و تەواوی نیوەگۆی باكووری زەوی دیاردەی (هەڵگەڕانەوەی هاوینە) روودەدات".
 
ئەژی چەتۆ حەسەن هەروەها دەڵێت، "لەو رۆژەدا ماوەی رۆژ لە هەرێمی كوردستاندا بۆ نزیكەی 14 كاژێر و 28 خولەك درێژ دەبێت، شەویش بۆ نزیكەی 9 كاژێر و 23 خولەك کورتدەبێتەوە، ‎هەر لەو كاتەدا دووریی نێوان زەوی و خۆر زۆرە، نەوەك كەم، هەر بەرەو زیادبوونیش دەچێت تاوەکو دەگاتە 152007 كیلۆمەتر".
 
بەپێی پێشبینییەکانی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی عێراق سبەی لە پارێزگاکانی "واست، موسەننا، بەغدا، کەربەلا، نەجەف" پلەی گەرما 50 پلەی سیلیزی دەبن، لە پارێزگاکانی میسان، زیقاز، بەسرا، دیوانییەش، پلەی گەرما دەگاتە 51 پلە.
 
لەکاتێکدا ئەمڕۆ چوارشەممە، حەوت پارێزگا پلەکانی گەرمایان لە نێوان 50 و 51 پلە بوو. د. عەبدوڵڵا کامیل، سەرۆکی بەشی فەلەک و گەردوونی زانکۆی بەغدا، بەتۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "سبەی پێنجشەممە ساتی هەڵگەڕانەوەی هاوینە دەستپێدەکات، کاژێر 11:50ـی شەو دەستپێدەکات، ئەوە بە سەرەتای وەرزی هاوین لە عێراق هەژمار دەکرێت کە 93 رۆژ و 15 کاژێر و 52 خولەک بەردەوام دەبێت." 
 
پلەی گەرمای پارێزگاکانی باشووری کوردستان بۆ رۆژی پێنجشەممە:
 
-هەولێر: 44 پلە
-سلێمانی: 42 پلە
-دهۆک: 42 پلە
- کەرکووک: 47 پلە
 
هەروەها سبەی پلەکانی پارێزگاکانی دیکەی عێڕاق بەمشێوەیە دەبێت:
 
نەینەوا: 46 پلە
سەلاحەدین: 48 پلە
 ئەنبار: 47 پلە
دیالە: 48 پلە
بابل: 49 پلە
واست: 50 پلە
موسەننا: 50 پلە
بەغدا: 50 پلە
کەربەلا: 50 پلە
نەجەف: 50 پلە
 میسان: 51 پلە
 زیقاز: 51 پلە
 بەسرا: 51 پلە
 دیوانیە: 51 پلە
 
بەپێی وێبسایتی www.thorntonweather.com کە تایبەتە بە پێوانەکردنی پلەکانی گەرما و کەشوهەوا، لە 24 کاژێری رابردوودا، لە 15 گەرمترین ناوچەکانی جیهان، 11یان لە عێراق بوون، ناسرییە، سەماوە، نەجەف و بەسرا لە شەش گەرمترینەکەی جیهان و پێنج گەرمترینەکەی عێراق بوون.