گۆڕانى کەشوهەوا دەریاچەى رەزازەى کەم ئاو و بێ ماسی کردووە

رووداو دیجیتاڵ
 
دەریاچەى رەزازەى کەربەلا وەک پێشوو نەماوە، ماسی و ئاوەکەى کەم بوونەتەوە، بەر لە وشکەساڵى و دەرکەوتنى کاریگەرییەکانى گۆڕانى کەشوهەوا لە عێراق ئەو دەریاچەیە ژینگەى چەندین جۆر ماسی بووە، بەڵام ئێستا یەک جۆر ماسی تێدا ماوە.
 
غەیس جەبار، کە راوچیى ماسییە دەڵێت، "لە نەجەفەوە هاتووم بۆ دەریاچەى رەزازە بۆ راوەماسی، پێشتر دەریاچەکە ماسی زۆر تێدا بوو، بەڵام ئێستا کەم بووەتەوە".
 
ئاوى دەریاچەکە پشت بە رووبارى فوڕات دەبەستێت کە زیاتر لە سێ ساڵە 70%ى پشکى ئاوەکەى کەم بووەتەوە.
 
کەمبوونەوەى ئاوی دەریاچەکە، بووەتە هۆی کەمبوونەوەی جۆرە جیاوازەکانی ماسی، کە پێشتر دەریاچەکەی پێ دەناسرایەوە. پێشتر چوار جۆر ماسی لە دەریاچەکەدا دەژیان، ئێستا تەنیا یەک جۆر ماسی تێدا ماوە.
 
بە گوتەى جەبار عەبدولحوسێن کە راوچیى ماسییە، ئەو دەریاچەیە بەهۆى پشتگوێخستنى و کەمبوونەوەى ئاستى ئاوەکەى، یەک جۆرە ماسى تێدا ماوە، پێشتر لە دەریاچەى حەبانیە ئاوى بۆ دەهات، بەڵام ئێستا "ئەوە نەماوە و ئاوى ئاوەڕۆى تێدەچێت".
 
رووبەڕى دەریاچەکە زیاتر لە 1800 کیلۆمەتر دووجایە، توانای گلدانەوەی 26 ملیار مەتر سێ جا ئاوى هەیە، بەراورد بە پێشوو ئێستا ئاستى ئاوەکەى سێ مەتر دابەزیوە.
 
ئەحمەد جبوورى، دانیشتووى کەربەلا دەڵێت: "ئێستا رەزازە جیاوازە وەک پێشتر نەماوە، ئاستى ئاوەکەى دابەزیوە".
 
رەزازە دووەم گەورەترین دەریاچەى دەستکردە لە عێراق، لە سەردەمى عوسمانییەکاندا دروستکراوە، جگە لە بەرهەمهێنانى ماسی، پێشتر شوێنێک بوو بۆ سەردانی گەشتیارانى شارەکانى ناوەڕاست و باشووری عێراق.