بەرپرسێکی حەج و عومرەی عێراق بۆ رووداو: 12 حاجی گیانیان لەدەستداوە

رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی حەج و عومرەی عێراق دەڵێت، 12 حاجی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراق کە بە فەرمی چوونەتە حەج گیانیان لەدەستداوە. 
 
رۆژی چوارشەممە 19-06-2024، شێخ دلێر جەبار بەرزنجی، یاریدەدەری بەڕێوەبەری نووسینگەی کەرکووکی دەستەی حەج و عومرەی عێراق کە ئێستا لە مەککەیە، بە رووداوی گوت "تاوەکو ئێستا، 12 حاجی عێراقی و حاجییەکی هەرێمی کوردستان لە مەککە گیانیان لەدەستداوە." 
 
شێخ دلێر جەبار بەرزنجی گوتی، ئەو 12 حاجییەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی عێراق و حاجییەکەی هەرێمی کوردستان، بە فەرمی و لە رێگەی دەستەی حەج و عومرەی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە چوونەتە حەج.
 
ئەوە لەکاتێکدایە تاوەکو ئێستا دەستەی حەج و عومرەی عێراق بە فەرمی ئاماری گیانلەدەستدانی حاجییانی بڵاونەکردووەتەوە. 
 
رۆژی 18-06-2024، رۆژگار جەعفەر، بەرپرسی راگەیاندنی شاندی حاجییانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوتبوو، تاوەکو ئێستا 15 حاجی خەڵکی هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە، کە 14ـیان لە دەرەوەی رێکارە فەرمییەکان و بە ڤیزەی یەک ساڵی چوونەتە سعودیە.
 
ئەمساڵ نزیکەی 39 هەزار کەس لە عێراقەوە چوونەتە سعودیە بە مەبەستی حەجکردن؛ 4685 یان لە هەرێمی کوردستانەوە چوون.