رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەى رەشنووسى راگەیێندراوى کۆتایی کۆبوونەوەى کۆمکارى عەرەبی داوا لە تورکیا کراوە هێزە سەربازییەکانى لە عێراق بکشێنێتەوە.
رۆژی 19ى ئایارى 2023 کارەکانی لووتکەى 32ى کۆمکارى عەرەبی لە شارى جەدەى عەرەبستانى سعودیە دەستپێکرد، کە بۆیەکەمجار لەدواى 12 ساڵ بەشار ئەسەد، سەرۆکى سووریا بە نوێنەرایەتى وڵاتەکەى بەشدارى تێدا دەکات.
بەگوێرەى رەشنووسى راگەیێندراوى کۆتایی لووتکەکە، پشتگیرى عێراق دەکرێت و سەرکۆنەى سنووربەزاندنى سوپاى تورکیا کراوە بۆ ناو سنوورى عێراق.
هەر بەگوێرەى رەشنووسی راگەیێندراوەکە داوا لە تورکیا دەکرێت بەبێ مەرج هێزە سەربازییەکانى لە نێو سنوورى عێراق بکشێنێتەوە.
لە بەشێکى دیکەى ئەو رەشنووسەدا پێشوازى لە رێککەوتنى نێوان عەرەبستانى سعودیە و کۆمارى ئیسلامى ئێران کراوە بۆ دەستپێکردنەوەى پەیوەندییە دیپلۆماسیەکانیان کە عێراق رۆڵى لە نێوەندگیریى رێککەوتنەکەدا هەبووە و چەند گەڕێکى دانوستاندنی نێوان بەرپرسانى ریاز و تاران لە بەغداى پایتەخت کراون.
رەشنووسى راگەیێندراوەکە جەخت لەسەر یەکپارچەیی خاکى سووریا و سەقامگیرییەکەى دەکاتەوە و ئاماژە بە چڕکردنەوەى هەوڵەکان دراوە بۆ هاوکاریکردنى لە دەرچوون لەو قەیرانەى وڵاتەکە تێیکەوتووە، ئەوە جگە لە پاڵپشتیکردنى گەلى سووریا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ