لە واست کێشە دەکەوێتە نێوان پەرلەمانتارێکى عێراق و حەشدی شەعبی

رووداو دیجیتاڵ
 
لە پارێزگا واست کێشە دەکەوێتە نێوان پەرلەمانتارێکى عێراق و حەشدی شەعبی و خۆپێشاندان لە بەردەم نووسینگەى پەرلەمانتارەکە دەکرێت. ناکۆکییەکە بەهۆى هەوڵى کوشتنى دوو کەسەوە بووە لە ناوەندى پارێزگاکە، کە بەگوتەى ئەو پەرلەمانتارە بکەرەکەى پەناى بردووەتە بەر گرووپێکى چەکدار. 
 
شەوى رابردوو، 18ى ئایارى 2023، ژمارەک هاووڵاتى چوونە بەردەم نووسینگەى سەجاد سالم، پەرلەمانتارى سەربەخۆى عێراق لە شارى کوتى ناوەندى پارێزگاى واست و گردبوونەوە.
 
سەجاد سالم لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، گرووپێک بە جلى سەربازى و ئۆتۆمبێلى حکومى سەر بە حەشدی شەعبی چوونەتە بەردەم نووسینگەکەى لەشارى کوت، لەدواى ئەوەى زانیاریى داوەتە داواکارى گشتیى پارێزگاى واست لەبارەى هەوڵێکى شکستخواردووى کوشتن لەدژى دوو کەس لەشارى کوت و داڵدەدانى ئەنجامدەرى ئەو هێرشانە لەلایەن گرووپێکى چەکدارەوە.
 
داواکاریی ئەو پەرلەمانتارە بۆ داواکارى گشتى واست لە 16ى ئایار پێشکێشکراوە و تێیدا باسی لە رووداوى هەوڵى کوشتنەکە کردووە، کە لە 30ى نیسان بووە و ئاماژەى بەوەداوە هێزە ئەمنیەکان رێوشوێنى یاساییان لەدژى ئەو گرووپە چەکدارە نەگرتووەتەبەر کە هێرشکارەکەی داڵدە داوە، سەرەڕاى ئەوەى لە رێگەى کامێراى چاودێرییەوە وردەکارى رووداوەکە و ئەو شوێنەى تێدایەن کە تۆمەتبارەکە پەناى بۆ بردووە.
 
بەگوێرەى بەڵگەنامەیەکى دیکە کە 17ى ئایار لەلایەن داواکارى گشتیی واستەوە ئاڕاستەى دادگەى لێکۆڵینەوەى کوت کراوە، داوایان لێدەکات رێوشوێنى یاسایی بگرنەبەر لەبارەى وردەکاریی داواکاریی پەرلەمانتارەکە.