دواى پەسندکردنى بودجە وەرگێڕى کوردى لە پەرلەمانى عێراق دادەنرێت

رووداو دیجیتاڵ
 
بڕیارە لەدواى پەسندکردنى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیى عێراق بۆ یەکەمجار وەرگێڕى کوردى بۆ پەرلەمانى عێراق دابندرێت، پەرلەمانتارێکى کورد دەڵێت: "چاوپێکەوتن لەگەڵ چەند کەسێک کراوە و 20 سی ڤى دیکە ئامادەیە و دواى پەسندکردنى بودجە وەرگێڕ دادەمەزرێندرێن".
 
رۆژی 19ى ئایارى 2023 ئامانج هەرکى، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى پارتى دیموکراتى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "زیاتر لە 20 سیڤی ئامادەن بۆ ئەوەى لەلایەن فەرمانگەى راگەیاندنى پەرلەمانى عێراقەوە چاوپێکەوتنیان لەگەڵ بکرێت وەک وەرگیڕى زمانى کوردى و چەند کەسێکى دیکەش پێشتر چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کراوە".
 
ئامانج هەرکى گوتیشى: "بڕیارە دواى پەسندکردنى بودجەى گشتیی عێراق ئەو وەرگێرانە دابمەزرێندرێت، کە لانیکەم سێ کەس دەبن و گفتوگۆکانى نێو پەرلەمان یان گوتەى پەرلەمانتارانى کورد[بە شێوەیەکی راستەوخۆ] لە کوردییەوە دەکەنە عەرەبی و بەپێچەوانەوە."
 
ساڵێک لەمەوبەر و لە 19ى ئایارى 2022، ئامانج هەرکى داواکارییەکى دایە سەرۆکایەتى پەرلەمان بۆ ئەوەى وەرگێڕى زمانى کوردى بۆ دانیشتنەکانى پەرلەمانى عێراق دابندرێت.
 
بەگوێرەى مادەى چوارى دەستوورى عێراق زمانى کوردى بە زمانى فەرمى ناسێندراوە. بەگوێرەى یاساى زمانى فەرمى کە لەساڵى 2014 کەوتووەتە بوارى جێبەجێکردنەوە زمانى کوردى لەگەڵ زمانى عەرەبی وەک زمانى فەرمى ناسێندراوە.