عێراق 30 ناوچەی نەوت و گاز دەداتە کۆمپانیاکان

رووداو دیجیتاڵ 

عێراق لە 30 پڕۆژەدا بەدوای نەوت و گازدا دەگەڕێت. بەرپرسێکی وەزارەتەکەش دەڵێت، لە گەڕی شەشەمی گرێبەستەکاندا لە 11 ناوچەدا چاوەڕێی دۆزینەوەی گازی سرووشتیین."
 
عاسم جیهاد، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت چاوەڕوانن لە گەڕی پێنجەم بەدواداگەڕان لە 16 کێڵگە و شوێن، لە گەڕی شەشەمیشدا 14 شوێن کە 11یان گازی و سێیان نەوتین دەکرێت.
 
بەپێی گوتەبێژەکە، ئامانج لەو گرێبەستانە زیادکردنی یەدەگی نەوت و گازی عێراقە، کە لە رێگەیەوە پەرە بە "دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی و ژینگەیی دەدرێت."
 
وەزارەتی نەوت رۆژی 27ـی ئەم مانگەی بۆ راگەیاندنی کۆمپانیا براوەکان دیاریکردووە کە لە داهاتوودا لەو کێڵگانەدا بەدوای نەوت و گازدا دەگەڕێن، لە 13 پارێزگای عێراقدا.
 
زورغام مالیکی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "گرێبەستەکان رۆڵی گەورەیان لە دۆزینەوەی نەوت و گاز، زیادکردنی قەبارەی یەدەگ و بەرهەمهێنان دەبێت، لانیکەم 500 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە زیاد دەکات."
 
بڕیارە کۆمپانیاکان لە نەینەوا، ئەنبار، کەربەلا، نەجەف، بابل، قادسییە، موسەنا، بەسرە، زیقار، میسان، واست، دیالە و بەغدا بە دوای نەوتدا بگەڕێن.
 
عێراق 145 ملیار بەرمیل نەوت یەدەگی نەوتی ئاشکراکراوی هەیە، هەرچەندە بەرپرسانی وزەی ئەم وڵاتە دەڵێن بەهۆی ئەوەی زیاتر لە سی ساڵ دەبێت رووپێوی نوێ نەکراوە، بۆیە ژمارەکە هەر وەک خۆیەتی.