موسڵ؛ قەیرانی ئابووری بازاڕی جەژنی سستکردووە

20-04-2023
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
بازاڕی نەبی یونس لە موسڵ
بازاڕی نەبی یونس لە موسڵ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بازاڕی نەبی یونسە لە سەنتەری شاری موسڵی دووەم گەورەترین شار لە عێراق؛ موسڵاوییەکان روویان لە بازاڕ کردووە بۆ کڕینی پێداویستییەکانی جەژن. لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی رەمەزان، دووکاندارەکان چاویان لە دەستی کڕیارانە و خوازیاری گەرمی بازاڕن، بەڵام قەیرانی دارایی بێ هیوای کردوون.
 
ئەحمەد مۆفەق، دووکاندارە و دەڵێت، "هاتنی خەڵک بۆ بازاڕکردن بۆ جەژن ئەمساڵ بە بەراورد بە ساڵانی پێشوو باشە، بەڵام مەسەلەکە ئەوەیە کە ئێمە بەهۆی دابەزینی بەهای دینارەوە رووبەڕووی دۆخێکی خراپ بووینەتەوە. مەبەستم ئەوەیە لە شاری موسڵ نرخی دۆلار پێش ماوەیەک گەیشتە 170 هەزار دینار. ئێستا بەهاکەی کەمێک دابەزیوە و لە دەوروبەری 145 هەزار دایە."
 
دووکاندارێکی دیکە لە هەمان بازاڕ دەڵێت: "پێش جەژن خەڵکێکی زۆر روو لە دووکانەکانی بەهارات دەکەن، بۆ کڕینی کەرەستەی کولیچە، هەندێکی دیکە گوێز دەکڕن و هەندێکیش شوکولاتە دەکڕن. کەواتە راستە هەندێک کەس جلوبەرگ دەکڕن، بەڵام زۆربەیان روو لە دووکانەکانی بەهارات دەکەن، بەتایبەتی لە دوو شەوی کۆتایی پێش جەژن دەست بە ئامادەکاری بۆ دروستکردنی کولیچە دەکەن."
 
قەیرانی دارایی تەنیا شاری موسڵی نەگرتووەتەوە و بەڵکو تەواوی عێراقی گرتووەتەوە و بەگوێرەی ئاماری فەرمی وەزارەتی پلاندانانی عێراقی، لەسەدا 25ـی دانیشتووانی عێراق کە دەکاتە نزیکەی 11 ملیۆن کەس لە عێراق لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.
 
بەپێی دوایین ئاماری بانکی نێودەوڵەتی، رێژەی بێکاری لە عێراق بەراورد بە 30 ساڵی رابردوو ئەمساڵ بەرزترین ئاستی تۆمارکردووە، ئاماژە بەوە دەکات گەنجان زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە لە ئەنجامی ئەو پاشەکشەیەی لە ئابووریی عێراقدا و ئاستی بێکاری لە نێویاندا بە رێژەی 36٪ بەرزبووەتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە