رووداو دیجیتاڵ
نووسراوی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لەبارەی رەتکردنەوەی تانەکەی پارێزگاری نەینەوا گەیشتووەتە پارێزگاکە، بۆچوونی جیاواز لەبارەی هەنگاوەکانی داهاتووی پارێزگار هەیە بۆ دەستبەکاربوونی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکان. سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی دەڵێت، لە دوو رۆژدا پێویستە پارێزگار راسپاردنیان بۆ دەربکات.
نووسراوی دادگەی فیدراڵی گەیشت
محەممەد جاسم کاکەیی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، ئەمڕۆ چوارشەممە 19-03-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، نووسراوەکەی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، دوێنێ سێشەممە گەیشتە پارێزگا و ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا.
یەکێتی لەو گۆڕانکارییانە سێ پۆستی بەرکەوتووە، کە بریتین لە: قایمقامی مەخموور، بەڕێوەبەری ناحیەکانی سنوونێ و وانکێ.
فراکسیۆنی یەکێتیی: پارێزگا لە دوو رۆژدا فەرمانیان بۆ دەربکات
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی بە پێویستی دەزانێت عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا لە ماوەی ئەم دوو رۆژەدا فەرمانی دامەزراندن و راسپاردنی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکان دەربکات، کە پێشتر ئەنجوومەنەکە دەنگی لەسەر داون.
پێشتر پارێزگاری نەینەوا رایگەیاندبوو، چاوەڕێی گەیشتنی نووسراوی دادگەی باڵای فیدراڵی دەکات بۆ راسپاردنی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکان.
رای جیاوازی لەسەرە
رایەکی دیکەی جیاواز هەیە کە باس لەوە دەکات، پارێزگار پرۆسەکە دوادەخات و نووسراوی راسپاردنیان بۆ دەرناکات، بەڵکو سەرەتا وردبینی لە پاشخانیان دەکات.
ئەحمەد دووبەردانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە 19-03-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پارێزگار نووسراوی راسپاردنیان بۆ دەرناکات، بەڵکو نووسراو بۆ ژمارەیەک لایەنی پەیوەندار دەنێرێت تاوەکو لە پاشخان و پاکی و بێ کێشەییان بکۆڵێتەوە.
بە گوتەی دووبەردانی، پارێزگار نووسراو بۆ وەزارەتەکانی خوێندنی باڵا و پەروەردە دەکات بۆ دڵنیابوون لە بڕوانامەکانیان، هەروەها دەستەی دەستپاکی بۆ ئەوەی بزانرێت هیچ دۆسیەی گەندەڵی و تاوانیان لەسەرە لەگەڵ دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری بزانێت پێشتر بەعسی بوون یان نا.
"هەندێکیان گومانیان لەسەرە"
ئەحمەد دووبەردانی دەڵێت، دوای ئەوەی هەموو ئەو لایەنانە وەڵامیان دایەوە، ئەوسا پارێزگار راسپاردنیان بۆ دەردەکات، بەتایبەتی هەندێک لەو قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیانە گومانیان لەسەرە لەڕووی بڕوانامە، گەندەڵی و بەعسی بوونەوە.
ئەحمەد دووبەردانی، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمانە پێشتر بە فلتەری ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا تێنەپەڕیون، بۆیە پارێزگار ئەو کارانە دەکات، تاوەکو بە تەواوی لە پاشخانیان دڵنیابێت.
گۆڕانکاری لە 20 پۆست
1ی تەممووزی 2024، ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا گۆڕانکاری لە سەرۆکی 20 یەکەی کارگێڕیی کرد، بەڵام هاوپەیمانیی نەینەوای یەکگرتوو و فراکسیۆنی پارتی، بایکۆتی کۆبوونەوەکەیان کرد و لەدژی گۆڕانکارییەکان وەستانەوە. گۆڕانکارییەکان بە زۆرینەی دەنگی هاوپەیمانیی نەینەوای ئایندە کرا.
پارێزگاری نەینەوا ئامادە نەبوو واژۆ لەسەر ئەو گۆڕانکارییە کارگێڕییانە بکات و پێیوا بوو بە "نایاسایی" دەرکراون.
پارێزگای نەینەوا لەدژی ئەحمەد حاسوود، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا سکاڵای تۆمار کرد و داوای کرد بڕیارەکانی ژمارە 21 بۆ 40ـی کۆبوونەوەی ژمارە 14ـی ئەنجوومەنی پارێزگا بە "نادەستووری" بناسێنرێن، کە تایبەت بوون بە لادان و هەڵبژاردنی ژمارەیەک قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیە لە سنووری پارێزگاکە.
بەڵام رۆژی سێشەممە، 4ـی ئاداری 2025، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق سکاڵای پارێزگاری نەینەوای لەدژی گۆڕانکارییە کارگێڕییەکانی ئەو پارێزگایە رەتکردەوە، کە لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگاوە دەرکراوە، ئەو بڕیارانەی بە "دروست" زانی. دادگە بەبێ دادبینى بڕیاری دا.
بەگوێرەی دەستووری عێراق، بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق کۆتاییە و دەبێت هەموو لایەک پێوەی پابەند بن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ