راپۆرتێک: عێراق دووەم پیسترین هەوای لە جیهاندا هەیە

19-03-2024
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە نوێترین پۆلێنی تایبەت بە پاکترین و پیسترین هەوا لە جیهاندا، ئایسلاند خاوەنی پاکترین و چادیش خاوەنی پیسترینە.
 
گۆڤاری سی ئی ئۆ وێڵدی ئەمریکی کە تایبەتە بە بڵاوکردنەوەی پۆلێنکاری تایبەت بە وڵاتان لە بوارە جیاوازەکاندا، لە نوێترین پۆلێندا تایبەت بە کواڵیتی هەوا دەڵێت، عێراق لەنێو 125 وڵاتدا لە پلەی 124ـەمین دێت، واتە خاوەنی دووەم پیسترین هەوایە لە جیهاندا.
 
هەر بە گوێرەی پۆلێنەکە، ئایسلاند خاوەنی پاکترین ژینگەیە لەسەر ئاستی جیهان.
 
بەگوێرەی راپۆرتی ئەو گۆڤارە ئەمریکییە، دەرکەوتنی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، فاکتەری سەرەکییە لەوەی پاکوخاوێنی هەوا و ژینگەی وڵاتان لە چی ئاستێکدا بێت.
 
بەگوێرەی ئەو پۆلینە، وڵاتانی ئەورووپا لەو وڵاتانەن کە هەوایەکی خاوێنیان هەیە و بەشێکیشیان پێشەنگی لیستەکەیان گرتووە؛ ئیستۆنیا لە پلەی شەشەمە، فینلاند لە پلەی حەوتەمدایە، ئەندۆرا نۆیەمە و سوێدیش لە پلەی 11یە.
 
ئەوەی پەیوەندی بەو وڵاتانەوە هەیە کە هەوایەکی پیسیان هەیە، دوای چاد و عێراق، وڵاتانی پاکستان، بەحرێن و بەنگلادیش دێن.
 
گۆڤارەکە هۆکاری سەرەکی پاکبوونی هەوای ئایسلاندی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە بەشێوەیەکی بەرچاو پشتی بە وزەی نوێبووەوە بەستووە و دەڵێت، 99٪ی وزەی ئەو وڵاتە لە وزە نوێبووەکانەوە سەرچاوەیان گرتووە.
 
لەدوای ئایسلاند، گرێنادا لە ناوچەی کاریبیان خاوەنی دووەم پاکترین هەوایە؛ هۆکارەکەش ئەوەیە بۆ دابینکردنی 50٪ی کارەباکەی پشت بە وزەی خۆر و با دەبەستێت.
 
ئوسترالیا لە پلەی سێیەم دێت. ئەو وڵاتە لە چەند ساڵی رابردوودا هەوڵی داوە سەرچاوەی وزەی هەمەچەشن بکات و لە ساڵی 2022ـەوە 43٪ی وزەی کارەبای لە وزەی نوێبووەوە بەدەستهێناوە.
 
زۆربەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە بەشی خوارەوەی لیستەکەدان و خاوەن پاکترین ژینگە لە ناوچەکەدا ئیسرائیلە کە لە پلەی 73یەمین دێت؛ پاشان سووریایە کە لە پلەی 78ـەمین دێت؛ تورکیا لە پلەی 81ـەمین و ئێرانیش پلەی 105ـەمینی گرتووە.
 
بەگوێرەی ئەو راپۆرتە، ئەمریکا لە پلەی 25ـەمین دێت بۆ خاوێنی هەواکەی، بەریتانیا لە پلەی 27ـەمین، ئەڵمانیا لە پلەی 39یەمین و رووسیاش لە پلەی 40 دێت و هۆکارێکی سەرەکی ئەو پێگەیەشیان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ژمارەیەکی زۆر کارگەیان تێدایە.
 
لیستی وڵاتانی خاوەن پاکترین هەوا 
 
1- ئایسلاند
2- گرێنادا
3- ئوسترالیا
4- پیۆرتۆ ریکۆ
5- نیوزیلاند
6- ئیستۆنیا
7- فینلاند
8- ترینیداد و تاباگۆ
9- ئەندۆرا
10- بیلیز 
 
لیستی وڵاتانی خاوەن پیسترین هەوا 
 
1- چاد
2- عێراق
3- پاکستان
4- بەحرێن
5- بەنگلادیش
6- بۆرکینا فاسۆ
7- کوێت
8- هیندستان
9- میسر
10- تاجیسکتان

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە