شاندێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی سەردانی بەغدا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی مەکتەبی سیاسی پارتی سەردانی بەغدا دەکات و نێوەڕۆکی بەیاننامەکەی پارتی لەگەڵ لایەنەکانی بەغدا تاوتوێ دەکات.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، شاندەکەی پارتی دوایین پەیامی پارتی لەبارەی جێبەجێکردنی بڕگەکانی دەستوور و رێککەوتننامەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت دەگەیەننە لایەنەکانی عێراق و پارتی رژدە لەسەر ئەوەی ئەگەر دەستوور و رێککەوتننامەکان جێبەجێ نەکرێن، لە پرۆسەی سیاسیی عێراق دەکشێتەوە.
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان رۆژی دووشەممە، 18-03-2024 لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، "لە سۆنگەی تێگەیشتنمان لە پێگە و بەرپرسیاریێتیی مێژوویی، لە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین کە بەشداریی هەڵبژاردنێکی بە نایاسایی و نادەستووری و لە سایەی سیستمێکی سەپێندراودا بەڕێوەبچێت، نەکەین."
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتبوو: "لایەنەکانی هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت دەخەینە بەردەم بەرپرسیاریێتیی نیشتمانی لە جێبەجێنەکردنی دەستوور و تەواوی خاڵەکانی رێککەوتنی سیاسی و ئیداریی پێکهێنانی کابینەی ئێستای حکومەتی عێراق بەسەرۆکاتیی بەڕێز محەممەد شیاع سوودانی، بەپێچەوانەشەوە ناتوانین بەردەوام بین لە پرۆسەی سیاسیدا."
خەمیس خەنجەر، سەرۆکى هاوپەیمانى سەروەرى، هۆشداری دەدات لە کشانەوەی پارتی لە پرۆسەی سیاسیی لە عێراق و دەڵێت: "ئاماژەدان بۆ کشانەوە لە پرۆسەى سیاسى هەموو ئایندەى وڵات دەخاتە مەترسییەوە."
هەروەها عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی عێراق، رۆژی دووشەممە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس لەبارەی بڕیارەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، نووسیویەتی "سەرکردایەتی ئەو پارتە نیشتمانییە دێرینە هان دەدەین، پێداچوونەوە بەم بڕیارەی بکات، چاومان لەوەیە برامان جەنابی بەڕێز مەسعود بارزانیی چاکەکار، لەو هەڵوێستەی پاشگەزبێتەوە، بەردەوام بێت لە پەیڕەوی دیموکراسی، کە پێکەوە لەسەری رۆیشتووین لە دوای گۆڕانکاری، بۆ پێگەیاندنی ئەو دیموکراسییەش، بەرگەیسەختی و قوربانی و مەینەتیمان گرتووە."