رووداو – هەولێر
محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق دەڵێت، نەرمى بەرامبەر هیچ لایەنێک پیشان نادەن کە پارەى خەڵک بۆ مەبەستی خۆی بەکاردەهێنێت و ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەگەر شەڕى دژ بە گەندەڵى بدۆڕێنن، لە شەڕەکانی دیکەشدا شکست دەهێنن.
محەممەد شیاع سوودانى گوتارێکى لە پێنجەمین کۆنگرەى دیالۆگى بەغدا پێشکێشکرد کە 19ى ئادارى 2023 لە بەغداى پایتەختی عێراق بەڕێوەچوو.
سوودانى رایگەیاند کە شەڕى گەورەیان دژى گەندەڵیە و گوتی، ئەگەر ئەو شەڕە بیدۆڕێنن، لە سەرجەم شەڕەکانى دیکەشدا شکست دەهێنن و رایگەیاند:"بە راشکاوانە دەڵێم، گەورەترین ئاڵنگارى، گەڕاندنەوەى متمانەى هاووڵاتیانە کە پاشەکشەی کردووە بەهۆى خراپى بەڕێوەبردنی کاروبارەکان، زۆرى بەڵێن و قسە و کەمى کردار و دەستکەوت."
شەفافیەتی نێودەوڵەتی دەڵێت، عێراق 23ـەمین گەندەڵترین وڵاتی جیهانە. وەزارەتی پلاندانانی وڵاتەکەش نایشارێتەوە کە 25٪ی دانیشتووانی لە ژێر هێڵی هەژاریدان.
ئەنجامدانى ئەو کۆنگرەیە هاوکاتە لەگەڵ بیستەمین ساڵیادى دەستپێکردنى شەڕی عێراق لە ساڵى 2003 کە تێیدا ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی کۆتاییان بە دەسەڵاتى حیزبى بەعس لە عێراق هێنا.
محەممەد شیاع سوودانى گوتى: "بەوپێیەى کە ئێمە لەسەروبەندى یادکردنەوەى گۆڕانکارین. جێگەى خۆیەتى جەخت لەوە بکەینەوە کە ئەو رژێمەى کۆتاییهات لە زۆرێک لە جومگەکاندا ماوە و هێشتا گیرۆدەین بەدەستى سیستمێکى یاسایی بە عەقڵیەتێکى چەقبەستوو کە پێویست دەکات چاکسازیى تێدا بکرێت بەهەموو شێوەکانییەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ