رووداو دیجیتاڵ
دادگەی فیدراڵیی عێراق سێ سکاڵای کوردی رەتکردەوە، دوویان پەیوەندییان بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی هەڵوەشاوە بۆ زەوییەکانی داقووق و ناوچەکانی دیکەوە هەبوو، ئەوەی دیکەیان تایبەت بوو بە بڵاوکراوەکانی رۆژنامەی وەقائعی عێراقی بە زمانی کوردی.
دوو لەو سکاڵایانەی ئەمڕۆ چوارشەممە، 19ـی شوباتی 2025 دادگەی فیدراڵی تاوتوێیکردن، پەیوەندییان بە زەویی جووتیارانی کوردەوە هەبوو، یەکێکیان داواکاری بۆ بڕیاردان لەسەر نادەستووریبوونی بڕیاری ژمارە 551ـی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی هەڵوەشاوە کە لە رێککەوتی 16/8/1976 دەریکردووە، تایبەت بە خاوەندارێتیکردنی چەند پارچە زەوییەک لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵەوە، کە دەکەوێتە قەزای داقووق و تۆمارکردنی بەناوی خۆیەوە وەکو موڵک دوور لە هەر پابەندبوونێک یان هەر مافێکی کەسانی دیکەدا، ئەوەش بە مەبەستی دابەشکردنیان بەسەر جووتیاراندا.
هەروەها سکاڵاکەی دیکە لەسەر بڕیای ژمارە 949ـی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی هەڵوەشاوەی ساڵی 1977 سەبارەت بە مافی خاوەندارێتیکردنی چەند پارچە زەوییەک کە هەوڵاوێردنیان بۆ بکرێت لە یاسای خاوەندارێتیی ژمارە 54ـی ساڵی 1970ـی هەموارکراو و یاسای یەکخستنی پۆلینەکانی زەوی دەوڵەت ژمارە 53ـی ساڵی 1976 و تۆمارکردنیان بە ناوی وەزارەتی دارایی بە مەبەستی بەکارهێنان بۆ وەزارەتی کشتوکاڵ و چاکسازیی کشتوکاڵی.
دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاریدا بە رەتکردنەوەی هەردوو سکاڵاکە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی بە دەرچوونی یاسای ژمارە (3)ـی ساڵی 2025 یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش (هەڵوەشاوە) و گەڕاندنەوەی خانووبەرەکان بۆ خاوەنەکانیان کە لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی بە ژمارە (4814) لە 17/2/2025 بڵاوکراوەتەوە، داواکارییەکە نامێنێت.
پێش دانیشتنی ئەمڕۆی دادگا، مەلا حەسەن گەرمیانی، نوێنەری جووتیارە کوردەکانی داقووق و جێگری مەڵبەندی 16ـی حەمرینی یەکێتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پێشتر 16 جار دادگەی فیدراڵی دانیشتنی لەسەر ئەو سکاڵایە کردووە و یەکلایی نەکردووەتەوە، بەڵام بەوپێیەی پەرلەمان بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی پێشووی هەڵوەشاندەوە، بۆیە رەنگە ئەمڕۆ دادگەکە سکاڵاکانمان یەکلایی بکاتەوە."
بە گوتەی مەلا حەسەن گەرمیانی، "ئەو سکاڵایە لەلایەن نوێنەرانی خاوەن زەوییە کشتوکاڵییەکانی موڵکی تاڵەبانییەکانی داقووق و سەرگەڕان و دەوروبەری تۆمارکراوە."
یەکێکی دیکە لە سکاڵاکان کە ئەمڕۆ دادگەی فیدراڵی تاوتوێی کرد، داواکردنی بڕیارێکە لەسەر نادەستووری دانانی پشتگوێخستنی زمانی کوردییە لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی و پابەندکردنی وەزیری دادی عێراق بە زیادکردنی زمانی کوردی بۆ رۆژنامەکە. بەهەمان شێوە دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاریدا بە رەتکردنەوەی داواکە، بەپاساوی ئەوەی دادبینییەکەی لە پسپۆری ئەودا نییە.
رۆژی 21ی مانگی رابردوو، پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە و یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی هەڵوەشاوە و گەڕاندنەوەی موڵك و ماڵ بۆ خاوەنەكانیانی پەسند کرد.
پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەی خانوو و زەوی بۆ خاوەنەکانیان داواکاریی سەرەکیی کورد بوو، تورکمانیش پاڵپشتی دەکرد. کورد چەندین مانگ بوو داوای دەنگدان لەسەری دەکرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەی جووتیاران لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ