دادگەی فیدراڵی تاوتوێی چەند سکاڵایەک دەکات؛ یەکێکیان تایبەتە بە زەوییەکانی داقووق

19-02-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دادگەی فیدراڵیی عێراق ئەمڕۆ تاوتوێی چەند سکاڵایەک دەکات. یەکێک لە سکاڵاکان هەڵوەشاندنەوەی بڕیارێکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی هەڵوەشاوەیە بۆ زەوییەکانی داقووق و دەوروبەری. نوێنەری جووتیارە کوردەکانی داقووق دەڵێت، پێشتر 16 جار دادگەی فیدراڵی دانیشتنی لەسەر ئەو سکاڵایە کردووە و هیوایەک هەیە ئەمڕۆ یەکلایی بکاتەوە.
 
دانیشتنەکە ئەمڕۆ چوارشەممە، 19ـی شوباتی 2025، دەکرێت. 
 
دوو لەو سکاڵایانەی کە ئەمڕۆ دادگەی فیدراڵی تاوتوێیان دەکات بریتیین لە، داواکاری بۆ بڕیاردان لەسەر نادەستووری بوونی بڕیاری ژمارە 551ی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی هەڵوەشاوە کە لە رێککەوتی 16/8/1976 دەریکردووە، تایبەت بە خاوەندارێتیکردنی چەند پارچە زەوییەک لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵەوە، کە دەکەوێتە قەزای داقووق و تۆمارکردنی بەناوی خۆیەوە وەکو موڵک دوور لە هەر پابەندبوونێک یان هەر مافێکی کەسانی دیکەدا، ئەوەش بە مەبەستی دابەشکردنیان بەسەر جووتیاراندا.
 
مەلا حەسەن گەرمیانی، نوێنەری جووتیارە کوردەکانی داقووق و جێگری مەڵبەندی 16ی حەمرینی یەکێتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پێشتر 16 جار دادگەی فیدراڵی دانیشتنی لەسەر ئەو سکاڵایە کردووە و یەکلایی نەکردووەتەوە، بەڵام بەوپێیەی پەرلەمان بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی پێشووی هەڵوەشاندەوە، بۆیە رەنگە ئەمڕۆ دادگەکە سکاڵاکانمان یەکلایی بکاتەوە."
 
بە گوتەی مەلا حەسەن گەرمیانی، "ئەو سکاڵایە لەلایەن نوێنەرانی خاوەن زەوییە کشتوکاڵییەکانی موڵکی تاڵەبانییەکانی داقووق و سەرگەڕان و دەوروبەری تۆمارکراوە."
 
یەکێکی دیکە لە سکاڵاکان کە ئەمڕۆ دادگەی فیدراڵی تاوتوێی دەکات، داواکردنی بڕیارێکە لەسەر نادەستووری دانانی پشتگوێخستنی زمانی کوردییە لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی و پابەندکردنی وەزیری دادی عێراق بە زیادکردنی زمانی کوردی بۆ رۆژنامەکە.
 
رۆژی 21ی مانگی رابردوو، پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە و یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی هەڵوەشاوە و گەڕاندنەوەی موڵك و ماڵ بۆ خاوەنەكانیانی پەسند کرد.
 
پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەی خانوو و زەوی بۆ خاوەنەکانیان داواکاریی سەرەکیی کورد بوو، تورکمانیش پاڵپشتی دەکرد. کورد چەندین مانگ بوو داوای دەنگدان لەسەری دەکرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەی جووتیاران لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە