رووداو دیجیتاڵ
دوو لیژنە لەسەر دیارنەمانى چەک و فیشەک لە جبەخانەیەکى سەربازى سنوورى پارێزگاى بەغدا پێکهێندراون، کە بەگوتەى جێگرى سەرۆکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق، یەک ملیۆن گولـلەى کڵاشنیکۆف و 200 هەزار گولـلەى دەمانچە دیارنەماون.
رۆژی 19ى شوباتى 2023، سەگڤان سندى، جێگرى سەرۆکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، لیژنەکەیان لەسەر پرسی دیارنەمانى چەک و پێداویستى سەربازى لە جبەخانەى سەربازگەیەکى ناوچەى تارمیەى باکوورى بەغدا کۆبوونەتەوە و بەگوێرەى زانیارییە سەرەتاییەکان یەک ملیۆن فیشەکى کڵاشینکۆف و 200 هەزار فیشەکى دەمانچەى جۆرى نۆ ملیم لەو جبەخانەیە دیارنەماون.
سەگڤان سندى گوتیشى: "دیارنەمانى ئەو ئەو گوللانە بە دوو قۆناخ بووە کە یەکێکیان لە ساڵى رابردوو بووە و ئەوى دیکەیان دوو مانگ لەمەوبەر بووە."
ناوچەى تارمیە 37 کیلۆمەتر لە باکوورى بەغداى پایتەختەوە دوورە، دەکەوێتە رۆژئاواى پارێزگاى دیالە و باشوورى پارێزگاى سەلاحەدین.
جێگرى سەرۆکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق ئاماژەى بەوەشدا کە دوو لیژنەى لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو پرسە پێکهێندراون لەلایەن ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق و لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانەوە و لە ماوەى مانگێکدا ئەنجامەکانى دەردەکەون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ