رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، پێویستیان بە پاڵپشتیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و وەستاندنی پارەدارکردنی.
رۆژی شەممە 18-2-2023، لە چوارچێوەی کۆنفڕانسی میونشن بۆ ئاسایش لە پانێڵێکی تایبەتدا، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی شەڕی دژ بە داعش و گرووپە چەکدارەکانی کرد و گوتی، "سەرەڕای ئەوەی داعش لە عێراقدا نەماوە، بەڵام هێشتا پێویستمان بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و وەستاندنی پارەدارکردنی."
لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە ئەگەری تەواو تێکشکاندنی داعش لە عێراق، سوودانی رایگەیاند، "بەوپەڕی متمانەوە دەتوانم، بڵێم داعش بوونی لە ناوچەکانی عێراقدا نییە و ئەوانەی کە ماون تەنیا چەکداری تاکن کە لەلایەن هێزەکانمانەوە لەنێو دەبرێن."
وەک سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، "داعش لە عێراق تێکشکێندراوە و کۆتاییهاتووە، هەندێک شانە لەوانەیە لێرە و لەوێ هەبن؛ بە تایبەتی لە ناوچە سنوورییەکان لەگەڵ سووریا، بەڵام ئەوان چی دیکە ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ نێو عێراق."
سوودانی گوتیشی، "تۆڕە نێودەوڵەتییەکانی تیرۆر لە ئەوروپاش هەن، هاوکاری پێشکێش بە گرووپە چەکدارەکان دەکەن و عێراق پێویستی بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە بۆ وەستاندنی پرۆسەی پارەدارکردنی ئەو گرووپانە، چونکە ئەوان تەنیا دژ بە عێراق کار ناکەن؛ بەڵکو دژ بە هەموو دیموکراسییەتێك لە جیهاندا وەستاونەتەوە و دەبێت لەو بارەیەوە بە تەواوەتی وریا بین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ