عێراق و سعودیە پرۆتۆکۆڵی هاوکاریی بواری ئاسایش واژۆ دەکەن


رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری ناوخۆی عێراق گەیشتە سعودیە و لەگەڵ هاوتا سعودییەکەی پرۆتۆکۆڵی هاوکاریی بواری ئاسایش لەنێوان هەردوو وڵات واژۆ دەکەن. 
 
عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق رۆژی یەکشەممە 19-02-2023 بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە سعودیە و لەلایەن عەبدولعەزیز سعود، هاوتا سعودییەکەی پێشوازی لێکرا.
 
بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ئامانجی سەردانەکە واژۆکردنی پرۆتۆکۆڵی هاوکاریی ئاسایشی نێوان هەردوو وڵات و گفتوگۆکردنە لەبارەی تەواوکردنی ژمارەیەک پرۆژەی هاوبەش کە جێگەی بایەخی هاوبەشن لە بوارەکانی ئاسایش و رووبەڕووبوونەوەی مادەی هۆشبەر. 
 
هەریەک لە فەرماندەی هێزی پاسەوانی سنوور، بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر، راوێژکاری راهێنان لە وەزارەتی ناوخۆ، بەڕێوەبەری باری شارستانی و پاسپۆرت و نیشتەجێبوون، بەڕێوەبەری فەرمانگەی پەیوەندییەکان و راگەیاندن و ژمارەیەکی دیکە لە ئەفسەرانی وەزارەت یاوەری وەزیری ناوخۆی عێراقن. 
 
وەزیری ناوخۆی عێراق گوتی: "لە سەردانەکەدا ژمارەیەک دۆسیە تاوتوێ دەکرێن، تایبەت بە کاری هاوبەش و هاوئاهەنگی و هاوکاری نێوان وەزارتی ناوخۆی عێراق و وەزارەتی ناوخۆی سعودیە، ئەوەش بە ئامانجی پەرەپێدانی هاوکاری بواری ئاسایشی نێوان بەغدا و ریاز." 
 
عێراق و سعودیە نزیکەی 830 کلیۆمەتر سنووری هاوبەشیان هەیە. 
 
عەقید بیلال سوبحی، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییە گشتییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، رۆژی 06-11-2022 لەبارەی بڵاوبوونەوەی مادەی هۆشبەر لە عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ژمارەی ئەو کەسانەی لە ماوەی 10 مانگی ساڵی 2022دا بە تۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون 13 هەزار و 680 کەس بووە. تەنیا لە مانگی تشرینی یەکەمیش هەزار و 360 کەس دەستگیر کراون."
 
بەپێی خەمڵاندنەکانی وەزارەتی ناوخۆی سعودیە، زیاتر لە 200 هەزار کەس لە سعودیە بەکارهێنەری مادەی هۆشبەرن، بەڵام هەندێک لە رێکخراوەکان دەڵێن، ژمارەکە زۆر لەمە زیاترە.