سوودانی پەیامێک ئاراستەی موقتەدا سەدر دەکات


رووداو دیجیتاڵ 

بەبۆنەی ساڵرۆژی کوژرانی باوکییەوە، سەرۆکوەزیرانی عێراق پەیامێکی سەرەخۆشی ئاراستەی موقتەدا سەدر و سەرجەم لایەنگر و پەیڕەوکارانی محەممەد محەممەد سادق ئەلسەدر کرد. 
 
رۆژی یەکشەممە 19-2-2023، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەبۆنەی ساڵڕۆژی کوشتنی محەممەد محەممەد سادق ئەلسەدر، باوکی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر پەیامێکی بڵاوکردەوە. 
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق دوای ئایەتێکی قورئان کە باس لە شەهیدبوون و مردن لەپێناو خودا و لێخۆشبوونی خودا دەکات، دەڵێت: "بە خەم و نیگەرانییەوە ئازارەکانی تاوان و لەدەستدانی شەهیدبوونی ئایەتوڵلای عوزما محەممەد محەممەد سادق سەدر و هەردوو کوڕە بەڕێزەکەی دەکەینەوە، لەگەڵ پیاوچاکان و شەهیدان و پەیامبەران و ئەو کەسانەن کە لەبەهەشتدان لەلای خوای گەورە زیندوون و دڵخۆشن بەوەی خوای گەورە بەڵێنی پێداون."
 
محەممەد شیاع سوودانی ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەو تاوانە ترۆپکی ئەو سەرلێشێواوییەی رژێمی دیکتاتۆری بوو کە پێیگەیشتبوو، تاوانبارانی بەعس پێیانوابوو بەوە دەتوانن ئیرادەی گەلی عێراق تێکبشکێنن و دەمی هەقبێژان ببەستن، وەکو چۆن پێیانوابوو بە کوشتنی سەید شەهید کەلەپووری بەرگری و رەتکردنەوە کۆتایی پێدەهێنن و رووناکی بیروباوەڕی چەسپاو دەکوژێننەوە، فاڵەکانیان شکستی هێنا و لە دژیان هەڵگەڕایەوە." 
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق کە یەکێک بوو لەو کەسانەی پێش دەستبەکاربوونی لەلایەن سەدرییەکانەوە هێرشی زۆری کرایە سەر، بەڵام موقتەدا سەدر هیچ بۆچوونێکی لەبارەوە نەداوە.
 
سوودانی دەشڵێت: "ئەمڕۆ لە ساڵیادی 24ەمی کۆچکردنی، پرسەی خۆمان بۆ بەڕێز موقتەدا سەدر و سەرجەم پەیڕەوکاران و خۆشەویستانی سەیدی شەهید نوێ دەکەینەوە، رێز و سڵاومان بۆ هەموو ئەوانەی لەسەر رێگەی ئەو رۆیشتین یان لە چاکەکانی کە بۆ پەیامی محەممەدی کوڕی عەبدوڵڵا (دروودی خوای لەسەر بێت) و ئالوبەیت درێژ دەبێتەوە، دەنێرین.. لێخۆشبوون و بەرزی و نەمری بۆ هەموو شەهیدانی عێراق، سەرشۆڕی و شەرمەزاری بۆ بکوژان و تاوانباران."
 
محەممەد محەممەد سادق سەدر، باوکی موقتەدا سەدر لە 23ـی ئاداری 1943 لە ناوچەی کازمییەی بەغدا لە خێزانێکی ئاینپەرەوەر لەدایکبووە، لە 19ـی مانگی شوباتی ساڵی 1999 لەنەجەف لەلایەن بەعسییەکانەوە کوژرا.
 
کوشتنی محەممەد محەممەد سادق سەدر بە یەکێک لە رووداوە دیارەکانی عێراق دادەنرێت، ئەو لە 19ـی شوباتی 1999 لەگەڵ هەردوو کوڕەکەی موئەمەل و مستەفا کاتێک لەنێو ئۆتۆمبێلەکەیدا بووە ویستوویەتی بگەڕێتەوە بۆ حەنانەی شوێنی نیشتەجێبوونی لە نەجەف لەلایەن ئۆتۆمبێلێکیەوە چاودێری دەکرێت و دواتر ئۆتۆمبێلەکەیان لە دارێک دەدات و دوای ئەوە چەند چەکدارێک دەستڕێژی گوللەیان لێدەکەن و هەموویان گیانلەدەستدەدەن، دوای رووداوەکە عێراق شڵەژا و لەچەندین ناوچە دژایەتیکردنی بەعسییەکان دەستیپێکرد. 
 
ئێستا موقتەدا سەدر خۆی بە میراتگری باوکی دەزانێت، کاریگەرترین کەسەکانی نێو خێزانەکەیەتی و رەوتێکی بەناوی سەدرییەوە هەیە؛ لە هەڵبژاردنی ئۆکتۆبەری 2021 توانی 73 کورسی بباتەوە و ببێتە هێزی ژمارە یەکی عێراق، بەڵام بەهۆی ناکۆکییەکانییەوە لەگەڵ شیعەکانی نێوان چوارچێوەی هاوئاهەنگی داوای لە پەرلەمانتارانی رەوتەکە کرد دەستلەکاربکێشنەوە، خۆیشی لە پڕۆسەی سیاسی کشایەوە. 
 
سەدر لەو کاتەوەی حکومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوو دروستکراوە، هیچ کۆمێنتێکی سیاسی ئەوتۆی لەبارەی حکومەت و کارەکانییەوە نەبووە.