رووداو دیجیتاڵ
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر هۆشداری لە گەڕانەوەی بەعس دەدات و دەڵێت، "دەیانکەینە ئامانج."
لە تویتەکەی موقتەدا سەدردا هاتووە: "کاتێک لە کەناڵەکانی تەلەڤزیۆن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەواڵەکان دەبینم و دەخوێنمەوە و زیادبوونی دەنگ و رەنگی بەعسییە سەدامییەکان دەبینم، لە لایەک تووڕە دەبم و لە لایەکی دیکەشەوە خەمبار دەبم بەوەی عێراقی خۆشەویستمان چی بەسەردا هاتووە."
موقتەدا سەدر داوا لە پەرلەمان و حکومەت دەکات کار بۆ کاراکردنی دەستەی ریشەکێشکردنی بەعس بکەن و نووسیوویەتی: "لێرەوە وەک هەنگاوی یەکەم داوا لە پەرلەمانتارە بەشەرەفەکان و حکومەت دەکەم رۆڵی 'دەستەی ریشەکێشکردنی بەعس'ـی تیرۆریستی قەدەخەکراو لە بری 'دەستەی لێپێچینەوە و دادوەری' کارا بکرێتەوە، ئەگینا ناچار دەبین لە روانگەی ویژدان و خۆشەویستیمان بۆ نیشتمان بۆ کۆتایی هێنان بەم دەنگانە کە نەشازترین دەنگ دەنگی بەعسی بۆگەنە، هەڵسوکەوت بکەین."
رێبەری رەوتی سەدر هۆشداری دەدات کە نابێت بە هیچ شێوەیەک بەعس بە راستەوخۆ یان بە ناوێکی دیکەوە بگەڕێتەوە عێراق و لە تویتەکەیدا گوتوویەتی: "هەرگیز لە عێراقی خۆشەویستدا شوێنی بەعس نابێتەوە، جا بە هەر پۆشاکێکی دیکەوە بێت، ئەگینا ئەوان دەبنە ئامانجمان. کۆمەڵکوژییەکانی سەدام و گۆڕە بەکۆمەڵەکان و بڕینی گوێچکە و دەستەکان و تیرۆرکردنی زانایانمان هێشتا لە یاد نەکردوون."
سەدر لە تویتەکەیدا سیاسەتڤانە گەندەڵکار و بەعسییەکان بە دوژمنی هاوبەشی گەلی عێراق دەناسێنێت و لە بەشی کۆتایی تویتەکەیدا نووسیوویەتی: "درک بەوە دەکەین کە زۆربەی زۆری چینی سیاسەتڤانانی ئێستا لە گەندەڵی بەدەرنین، بەڵام ئەوە مانای ئەوە ناگەیەنێت عەفلەقییە چەپەڵەکان بگەڕێنەوە. هەردووکیان دوژمنی عێراق و گەلەکەین. بۆ زانیارییش، قبووڵ ناکەین بەبێ هیچ بەڵگەیەک تۆمەتی بەعسیبوون بخرێتە پاڵ نەیارەکانمان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ