رووداو دیجیتاڵ
موعین کازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، دوو بۆچوون لەبارەی مادەی 12 دووەم-جیم لە یاسای بودجەی عێراق هەن کە تایبەتە بە دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
بە گوتەی موعین کازمی، بۆچوونی یەکەم ئەوەیە دەقەکەی حکومەت پەسندبکرێت تاوەکو دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بکرێت. بۆچوونی دووەمیش ئەوەیە کە وەزارەتی نەوت خۆی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت دیاری بکات.
موعین کازمی ئەوەشی خستەڕوو، ئەو پرسیارە هەیە کە ئایا تێچووی بەرهەمهێنان هەر ئەو 16 دۆلارەیە کە دیاریکراوە یان کۆمپانیاکان داوای پارەی زیاتر دەکەن، چونکە گرێبەستیان هاوبەشە.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق باسی لە داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند، لە ساڵی 2024دا زیاتر لە 4 ترلیۆن دینار بووە، بەڵام هەرێمی کوردستان تەنیا 320 ملیاری رادەستی وەزارەتی دارایی کردووە.
پڕۆژەهەموارەکە لە بەرنامەی کاری ئەمڕۆی پەرلەماندایە.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی کە لە رێکخراوی بەدرە بە سەرۆکایەتیی هادی عامری گوتی، ئەگەر رێژەی یاسایی لە لیژنەی دارایی هەبێت و لەنێو لیژنەکە دەنگ لەسەر پرۆژەکە بدرێت، ئەو کاتە پڕۆژەکە دەچێتە پەرلەمان، بەڵام رەنگە لەوێش ناڕەزایی و بایکۆتکردنی کۆبوونەوە هەبێت.
لیژنەی دارایی لیژنەیەکی لاوەکی بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد جبووری، جێگری سەرۆکی لیژنەکە پێکهێناوە بۆ وردبینی ژمارەکانی نێوان وەزارەتی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان.
موعین کازمی گوتی: "وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت زیاتر لە 11 تریلیۆن دیناری بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەر 12 مانگەکەی ساڵی رابردوو، بەڵام وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، تەنیا 10 تریلیۆن و 28 ملیاری وەرگرتووە. بۆیە ئەمە دەبێت بە تەواوی روونبکرێتەوە".
لەبارەی مووچەی مانگی 1ی ئەم ساڵی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، ئەو پەرلەمانتارە گوتی: "ئەوە بابەتێکی تەکنیکییە لەنێوان وەزارەتی دارایی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان. وەزارەتی دارایی فیدراڵ داوای بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان دەکات لە بانکە حکومییەکان، هەرچەندە سازش لەسەر ئەوە کراوە لە بانکە ناحکومییەکانیش بکرێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ