کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان: لە هەڵبژاردنی داهاتوودا وێنەی سەر کارتی بایۆمەتری کارادەکرێت

19-01-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری ناوەندی پڕۆسەکان لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت: "رەزامەندی حکومەتمان وەرگرتووە بۆ پەرەپێدانی سیستمی ئامێرەکانی دەنگدان و کاراکردنی وێنەی سەر کارتی بایۆمەتری".
 
رۆژی یەکشەممە، 19ـی کانوونی دووەمی 2025، وەلید خالید، بەڕێوەبەری ناوەندی پڕۆسەکان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رەزامەندی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانمان وەرگرتووە بۆ پەرەپێدان و تووندوتۆڵکردنی ئاسایشی ئەلیکترۆنیی ئامێرەکانی دەنگدان و سیستمی بایۆمەتری دەنگدەران. پەرەپێدانەکە سێرڤەرەکان دەگرێتەوە و وێنەی سەر کارتی بایۆمەتری دەنگدەرانیش کارا دەکرێت". 
 
وەلید خالید دەڵێت: "پێشتر دڵنیابوونەوە لە دەنگدەر تەنیا لە رێگەی پەنجەمۆرەوە بوو، بەڵام بە کاراکردنی وێنەی سەر کارتی بایۆمەتری وادەکات ئەگەر کەسەکە پەنجەمۆریشی نەخوێنێتەوە لە رێگەی کامێرایەکی دڵنیاکردنەوە کە لەنێو وێستگەکانی دەنگدان پەیوەست دەکرێت بە ئامێری دڵنیاکردنەوە، وێنەی رووخساری دەگیرێت و دڵنیایی لە زانیارییەکانی دەکرێتەوە. ئەمەش وادەکات ژمارەیەکی زۆر زیاتری ئەو کەسانە بتوانن دەنگ بدەن کە کێشەی پەنجەمۆریان هەیە". 
 
بەڕێوەبەری ناوەندی پرۆسەکان لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان ئاماژە بەوەش دەکات: "ئامانجمان لەم هەنگاوانە زیاتر دڵنیاکردنەوەی دەنگدەرە لەوەی هیچ ساختەکارییەک روونادات و هەڵبژاردنەکانی 2021ـی پەرلەمانی عێراق، 2023ـی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان شاهیدی ئەو راستییەن کە کۆمیسیۆنەکەمان سەرکەوتوو بوو لە بنبڕکردنی ساختەکاری". 
 
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ دابینکردنی ئامێرەکانی دەنگدان گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیایەکی کۆریای باشوور کردووە و بۆ سێ هەڵبژاردنی رابردووی عێراق و هەرێمی کوردستان بەکارهێنراون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە