دابەشکردنی مووچەی مانگی یەک لە عێراق دەستیپێکرد

رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، دابەشکردنی مووچەی مانگی یەکی فەرمانبەران و مووچەخۆران دەستیپێکردووە.
رۆژی یەکشەممە 19ـی کانوونی دووەمی 2025، وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "فەرمانگەی ژمێریاری، رێکارەکانی پارەدارکردنی مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت و کارمەندانی هێزە ئەمنییەکانی بۆ ئەم مانگە [کانوونی دووەم] دەستپێکرد".
وەزارەتەکە داوا لە فەرمانگەکانی ژمێریاریی وەزارەت، پارێزگاکان و دەستەکان دەکات سەردانی فەرمانگەی ژمێریاری بکەن بۆ تەواوکردنی پێداویستییەکانی پارەدارکردنی مووچەی فەرمانبەران و کارمەندەکانیان، بە رەچاوکردنی پابەندبوونیان بە خشتەی پارەدارکردنی مانگانەیان.
ئەمە لەکاتێکدایە، تاوەکو ئەمڕۆ مووچەی مانگی 12ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دابەش نەکراوە.
ئەمڕۆ شاندێک بۆ پرسی مووچە، رێککەوتنی نوێ و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەچێتە بەغدا و لەگەڵ تایف سامی، وەزیری دارایی عێراق کۆدەبێتەوە.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ئامانجی سەردانەکە، تاوتوێکردنی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەگشتی، مووچەی کانوونی یەکەمی 2024 و پرسە ئابوورییەکانی دیکەی نێوان هەولێر و بەغدایە."
حکومەتى هەرێمى کوردستان 11 مووچەى ساڵی رابردووی دابەشکردووە، لەکاتێکدا وەزارەتى دارایی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، مووچەى سەرجەم مانگەکانی ناردووە.
لە عێراق نزیکەی 11 ملیۆن مووچەخۆر هەن.