سوودانی لێدوانی سیاسیی و ئەمنی لە راوێژکارەکانی قەدەخە دەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاند، سەرۆکوەزیران لێدوانی لە راوێژکارەکانی لەبارەی پرسە سیاسیی و ئەمنییەکان قەدەخە کردووە.
 
هۆکارەکەشی گەڕاندووەتەوە بۆ ئەو لێدوانە دژ بەیەکانەی دەدرێن، سەرۆکی روانگەی عێراقی بۆ دیالۆگیش دەڵێت: "بڕیارەکە بەهۆی رووداوەکانی چەند رۆژی رابردووەوەیە."
 
سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و نزیک لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کە بەباشی زانی ناوی بڵاونەکرێتەوە، بەتۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "سەرۆکوەزیران لە دوێنێوە لێدوانی لە راوێژکارەکانی لەبابەتە سیاسی و ئەمنییەکان بەبێ مۆڵەت وەرگرتن قەدەخە کردووە و داوایکردووە لەو بابەتانەی کە پرسی ناوەندیین حکومەت و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان قسەیان هەبێت و هەڵوێستی عێراق ناوەندی بێت."
 
هێشتا ژمارەی راوێژکارەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق دیارنییە، چەند جارێک ژمارەیەک پەرلەمانتار باسیان لەوەکردووە زیاتر لە 20 کەس دەبن، دەشڵێن دەگاتە 60 راوێژکار، بەڵام ئەم ژمارانە پشتڕاستنەکراونەتەوە.
 
بڕیارەکەی سوودانی دوای ئەوە دێت کە بەهۆی هێرشەکەی شەوی دووشەممە، 15ی کانوونی دووەمی 2024ـی سوپای پاسداران بۆ سەر هەولێر و قسەکانی قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و بابەتی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان و چەند پرسێکی دیکە لێدوانی دژ بەیەک دران.
 
رۆژی هەینی 19ـی کانوونی دووەمی 2024، سامد شەمخی، سەرۆکی روانگەی عێراق بۆ دیالۆگ، بە رووداوی گوت، "دەستخۆشی لە سەرۆکوەزیران دەکەین بۆ ئەو بڕیارە، چونکە زۆر جار لێدوانی هەڵە و دژ بەیەک دەدرێت و هەر کەس لەخۆیەوە لێدوان دەدات و ئەوەش کاریگەریی لەسەر سیاسەتی دەرەوەی وڵات دەبێت."
 
سەرۆکی روانگەی عێراق بۆ دیالۆگ بە پێویستی دەزانێت، پەیوەندییەکانیش هاوشێوەی ئەو هەنگاوە یەکبخرێت، چونکە زۆرجار پارێزگارێک پەیوەندیی لەگەڵ وڵاتێک دەبەستێت، یان زۆر پەیوەندیی دیکە هەیە کە دەبێت لەرێگەی حکومەتی ناوەندییەوە بکرێت.
 
ماوەیەکە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لێدوانی جیاوازی لەبارەوە دەدرێت و بەشێک لە راوێژکارەکانی سەرۆکوەزیران لێدوانی دژ بەیەکیان داوە.
 
 لەسەر پرسی هێرشەکەی سوپای پاسداران بۆ سەر هەولێر، دوای ئەوەی قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری نیشتمانی عێراق سەردانی شوێنەکەی لە هەولێر کرد رەتیکردەوە ئەو شوێنەی هێرشکراوەتە سەری بارەگای مۆساد بووبێت، ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، کە نزیکە لە حەشدی شەعبی گوتی، "لێدوانی هێرشەکەی سەر هەولێر دوای نیو کاژێر، لەسەر بنەمای لێکۆڵینەوە نەبووە."